بەهەشتى ئاژەڵە کێوییەکان
ئەوەیە دەڵێت گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاو دەخۆنەوە
964+
وریا فەتاح
لەناو کورددا وتەیەک هەیە ئەگەر دۆخەکە باشبێت و حاکمێکى دادپەروەر هەبێت، دەڵێت،”گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاو دەخۆنەوە”، بەڵام دۆخى خراپى کەشوهەوا رێک ئەوەى دروستکردووە، لە قەرەداغ، گەرما تینى بۆ ئاژەڵەکان هێناوە و گورگ و بزن و ئاژەڵانى تر لەیەک شوێن ئاو دەخۆنەوە.
کەم ناوچەی کوردستان ماوە وەک قەرەداغ ئەو هەمەڕەنگییەی ئاژەڵە کێوییەکانی تێدابێت، زۆربەی فەزڵی ئەمەش بۆ پیاوێک دەگەڕێتەوە بەناوی جەلال کەریم عیسا، ئەوەی زۆربەی خەڵک بە مامۆستا جەلال یا جەلالی شێخ کەریم دەیناسن.
ئەمڕۆ شەممە 26.7.2025، مامۆستا جەلال لە پەیجى خۆى لە فەیسبوک، ڤیدیۆیەکى بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، چەندین ئاژەڵ و باڵندەى کێوى لەو کۆلە ئاو دەخۆنەوە کە بۆ ئاژەڵەکان لە قەرەداغ دروستى کردووە.
لە پۆستەکەدا، جەلال شێخ کەریم نوسیویەتى،” ئەمڕۆ تینوێتی فشاری خستە سەر ئەم گیانلەبەرە کێویانە شاڵاویان هێنایە سەرکانیاوەکان زۆرگوناح بون، گورگی تینو لەپەرۆشی ئاوەکەدا پەلاماری هیچ ئاژەڵێکی نەدا ئەوان دورکەوتنەوەو ئەمیش چوە سەرئاوەکە”.
دەشڵێت: سوچەر، کەروێشک، رێوی، رەوە بەرازی خرپن و قەڵەو، گورگ، بزن، کارەکێوی، کەو، قوڵتەو قەلەرەش.. هەمویان دەعوەت بون لەچیای سەگرمە”.
مامۆستا جەلال ماوەیەکی باش لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قسە رۆیشتوو بووە، دوای ئەوەش بووەتە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، لەبەر ئەوەی خۆی خەڵکی ئەو دەورووبەرەیەو سەردەمێکیش هەر لەوێ پێشمەرگە بووە، بۆیە باش سروشتی ناوچەکە شارەزا بووە، لەساڵی 1997 بڕیار دەدات راوکردن لەو دەورووبەرە قەدەغە بکات.
ساڵی 2012 دەست دەداتە دروستکردنی کۆلی ئاو خواردنەوەو دانانی تانکی و تانکەر تا ئاژەڵە کێوییەکان تینوو نەبن، دوای ئەوەش کامێرای چاودێری لە چەند شوێنێکی دیاری ئەو ناوچەیە دادەنێت بۆ ئەوەی هەم ئاگای لە جموجۆڵی ئاژەڵە کێوییەکان بێت و هەم چاوی لەسەر راوچییەکان بێت.
قۆپی قەرەداغ سەر بە قەزای قەرەداغە لە باشووی سلێمانی، ئەو دۆڵ و زنجیرە چیایەیە کە ناوچەی قەرەداغ لە گەرمیان جیا دەکاتەوە.