33 ساڵە لەوێیە

جەیمس، سەڕاجە نادیارەکەی ژێر قەڵای هەولێر

964+
دەشتی عارف ـ هەولێر

ئەوەی چوو بێتە ناوبازاڕ سەردانێکی چایخانەی مەچکۆی کردووە، ئەگەرنا سەردانێکی دوکانەکانی کەلەپوور و فۆلکلۆرییەکەی کردووە، یانیش چووەتە قاتی سەرەوەی چایخانەی مەچکۆ، بەڵام کەم کەس هەیە ئەو دوکانە بچوکەی نێوان ئەو چایخانانەی بینی بێت، ئەویش دوکانی جەیمس سەراجە، کە ماوەیی 33ساڵە کاری تێدا دەکات.

جەیمس لە چەرم و پێستە کاری دروستکردنی کیف و کاری قایش دەکات، زۆرجاری لەسەر خواستی کەسی یان داواکاری تایبەت هەبێ و پێی رابگات، دروستی دەکات، گرنگ ئەوەیە لە چەرم و قایش کارەکە بکرێ.

جەیمس یەڵدا سەراج، باسی سەرەتایی دەستپێکردین کارەکەی بۆ کردین، ئەو وتی، لەسەر دەستی مێردی پورم فێربووم و لە ساڵی 1992، لەم دوکانە دەستم بەکار کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامم و تاوەکو خوای گەورە تەمەنی دابێت هەر لەسەر ئەو کارەم بەردەوام دەبم.

لەبارەی داواکارییەکانیش وتی، زۆربەی ئەوانەی ئێستا داوای ئەو کەرەستانە دەکەن پێشمەرگە و کەسانی چەکدارن و زۆربەیان داوای کیفی دەمانچە، چەقۆ، تاقمی کلاشینکۆیان دەوێت، جیا لەوانە جانتا و قایش و کیفی پارە و قایشی حەج دروست دەکەم.

جەیمس، تەنیا یەک برای خۆی فێری کاری سەڕاجی کردووە ئەویش لە دەرەوەی وڵاتە، ئەوەشی وت، منداڵاکانیشم لەبەر خوێندن فێرنەبوون و کەس نییه جێگام بگرێتەوە، بەڵام خۆم زۆرم حەز لەو کارەیە و بیرم لە واز هێنان نەکردووەتەوە.

ئەو دەڵێ، لە ئێران، تورکیا و سوریاوە پێستەی هەمەجۆرەی ئاژەڵ لە مەڕ، بزن و مانگا هاوردە دەکرێ و لە کاری سەڕاجی بەکاریدەهێنن، گرانترین کەرەستەش کە دروستی بکەن، تاقمی بیکەیسییە کە نرخەکەی دەگاتە 300 بۆ 350 هەزار دینار.

سەرەڕای ئەوەی دوکانەکەی جەیمس تەنیا چوار مەتری چوارگۆشەیە و لە گۆشەیەکی بچووکەوە دەچیتە لای، بەڵام 33 ساڵ ژیانی رۆژانە لەناو ئەو دوکانە بەرێکردووە و دەستی لەو کارەی بەرنەداوە.

جەیمس هاوسەرگیریی کردووە و تەمەنی 53 ساڵە و هەر لە هەولێر نیشتەجێیە، یادەوەری ئەوەی گێڕایەوە مامی مامۆستا بووە ئەوساڵەی ئەو لە دایکبووە، پیاوێک بەناوی جەیمس کارێکی بۆ کورد کردووە، بۆیە مامی و باوکی رێککەوتون ئەو ناوەی بنێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

روخاندنی خانوو؛ چیرۆکی ناونانی گەڕەکی

روخاندنی خانوو؛ چیرۆکی ناونانی گەڕەکی "گێ مەدێ"ی هەولێرە