دانیشتوانی 60 گوند پێنج ساڵە شەوان قەدەغەیە بڕۆنە دەرەوە
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
دانیشتوانی گوندەكانی باشوری قەزای داقوق، نیگەرانن لە سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆی شەوانە كە زیاتر لە پێنج ساڵە بەسەریاندا سەپێندراوە.
زیاتر لە 60 گوندی قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکوک، لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017وە قەدەغەکردنی هاتووچۆی شەوانە بەسەریاندا سەپێنراوە.
بەشێک لەو گوندانە کاکەیی نشینن، داواکارن ئەو رێوشوێنە ئەمنییە لەسەریان نەمێنێت، کە بە وتەی خۆیان لە سەرانسەری عێراقدا قەدەغەی هاتووچۆی شەوانە نەماوە.
سەعد عەباس، موختاری یەکێک لە گوندەکان بە تۆڕی964ی وت، قەدەغەی هاتووچۆی شەوانە لە ئۆکتۆبەری 2017وە بەسەریاندا سەپێندراوە، ژمارەی گوندەکان 60 گوندە و لە گوندی تۆپزاوە دەستپێدەکات تا دەگاتە زنجیرە چیای حەمرین.
وتیشی، قەدەغەكە لە خۆرئاوابوونەوە دەستپێدەكات تا رۆژهەڵدێت، كە بە هەموو شێوەیەك هاتووچۆ قەدەغەیە، تەنانەت بۆ گواستنەوەی نەخۆش و ناشتنی تەرمی مردووەکانیان.
دانیشتوانی ئەو گوندانە زۆرینەیان بژێوییان لەسەر کشتوکاڵکردن و ئاودێرییە، کە هەندێکجار پێویستە بەشەو ئاودێری بکەن، بەڵام تا رۆژ نەبێتەوە نابێت بچنە دەرەوە.
سەعد عەباس، دەشڵێت “ئێستا بارودۆخی ناوچەکەیان تارادەیەک لە رووی ئەمنییەوە باش و ئارامە و بەهەمان شێوەی ناوچەکانی تری کەرکوکە، بۆیە داوادەکەین لە لایەنی بەرپرس ئەو رێوشوێنی ئەمنی و قەدەغەکردنی هاتووچۆی شەوانەمان لەسەر لاببەن”.