دیمەنی کۆبوونەوەکە - وێنە: سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر
لە هەولێر کۆبوونەوە کرا
بۆ فراوانکردن و لابردنی زیادەڕۆیی حەڕەمی گوندەکان لیژنە دروست دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆ فراوانکردنی روبەری گوندەکان، نەهێشتنی گیروگرفتەکانى زەوىوزار و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی، وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆک شارەوانییەکانی سنووری هەولێر کۆبوونەوە. وەچوو.
سەبارەت بە رێگەگرتن لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکى گشتی، باس لەوەکراوە، كە لەگەڵ ئەوەى لەو ماوەیەدا زیدەڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتی کەمبووەتەوە، بەڵام دەبێت بەرپرسانى یەکە کارگێڕى و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم دامودەزگاکانى ترى حکومەت بە توندى بەردەوام بن لە رێگریکردن لە زێدەڕۆیى و هەرسەرپێچیەک هەبێت راستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێ بدرێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە 22.7.2025 ئەنجامدراوە و باسی لەوەکردووە، سەبارەت بە پرسى حەرەمى گوند و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى، ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە میکانیزمى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە و پۆلێنکردن و نیشانکردنى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانى گشتیى شارەوانییەکان و کشتوکاڵ و سەرۆکایەتیى شارەوانى و نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرانى ترى دامودەزگاکان، گفتوگۆ لەبارەى ماستەرپلانى شارى هەولێر و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان و ڕێکارەکانى تایبەت بە پرسى نیشانکردنى حەرەمى گوند و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتی و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە زەویوزار کراوە.
لە کۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانى شارەوانی و گەشتوگوزار و ناوخۆ و پارێزگاى هەولێر پێکبهێنرێت و لە ماوەیەكی كەمدا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.