لۆگۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان - گرافیک: 964
تا کۆتایی تەمموز وردبینی بەردەوام دەبێ
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 46 كاندید بەهۆی نەبوونی مەرج دورخرانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
پرۆسەی وردبینی سەبارەت بە كاندیدی لیستەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق، لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكاندا تا كۆتایی تەمموز بەردەوام دەبێ، تائێستا 46 كاندیدیش دورخراونەتەوە.
دورخستنەوەی ئەو کاندیدانە بەهۆی ئەوەوە بووە، کە حزبەكانیان مەرجە پێویستەكانیان تێدا نەبووە بۆ قبوڵكردنی كاندیدبوونیان لەناو لیستەكانی هەڵبژاردن، یان پێداویستییەكانی خۆكاندیدكردنیان تەواو نەبووە.
ئەمڕۆ شەممە، عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، سیستمی تۆماری كاندیدەكان ژمارە 3ی ساڵی 2025 لە ماددەی (2) یەكەم-ت كە تایبەتە بە لیستی كراوە، کە رێژەیەك كە لە 20% تێپەڕنەكات تەرخان دەكرێت بۆ ئەو كاندیدانەی كە بڕوانامەی دیپلۆم یاخود بڕوانامەكانی ئامادەیی و هاوتاكانیان هەیە.
لەسەر ئەو بنەمایە، 11 كاندید كە هەڵگری بڕواناكەی ئامادەیی بوون و كاریگەرییان لەسەر ئەم رێژەیە هەبوو گۆڕدران بەوانەی كە هەڵگری بڕواناكەی بەكالۆریۆسن، ئەوەش بە قسەی عیماد جەمیل.
هەروەها، سەبارەت بە رێژەی ژنان لەچوارچێوەی لیستە كراوەكان، دەبێت رێژەیان لە 25%ی ژمارەی كاندیدەكان كەمتر نەبێت، لەبەر ئەمە سێ كاندیدی پیاو گۆڕدراون بۆ گەرەنتیكردنی بەدیهاتنی ئەم رێژەیە لە ناو لیستدا.
رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق بەرێوەدەچێ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر، رۆژی 9.10.2025ی وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کرد.
كورسییەكانی پەرلەمان پێكهاتوون لە 329 كورسی، كە 237 كورسیان بە كێبڕكێی ئاسایی هەڵبژاردن بەدەستدێت و هەروەها 83 كورسیان بۆ كۆتای ژنانە، كە هەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن كاندیدە ژنەكان دەیبەنەوە، هەروەها پێنج كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی و یەك كورسی بۆ فەیلی و یەك كورسی بۆ ئێزدی و یەك كورسی بۆ شەبەك و یەك كورسی-ش بۆ سابیئە تەرخان كراوە.
وەك لە راپۆرتێکی پەرلەمانی عێراقدا دەردەكەوێت، 335 حزب كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی، بە كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە و بەوەش دەردەكەوێت، كە ژمارەی حزبەكان لە ژمارەی كورسیەكان زیاترە.