تیمەکانی شارەوانی سلێمانی لەکاتی لێکردنەوە و بارکردنی پۆستەرەکان. فۆتۆ: شارەوانی سلێمانی
"بۆ پاکراگرتنی ژینگە"
شارەوانی سلێمانی: هەموو پۆستەرە نایاساییەکانی ریکلام لێدەکەینەوە
964+
ژووری هەواڵ
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ لێکردنەوەی پۆستەری ریکلام لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە و دەڵێت، ئامانجیان لەم کارە پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکەیە.
ئەمڕۆ شەممە 19.7.2025، شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم تابلۆ و ریکلامی نایاسایی لە شەقام شوێنە گشتیەکان لێکرانەوە و لابران.
ئەو پۆستەر و تابلۆیانەی کە لێدەکرێنەوە ئەوانەن کە سیمایەکی ناشرین بە شەقامەکان دەبەخشن و لەو شوێنانە هەڵواسراون کە بوونەتە بەربەست بۆ هێماکانی هاتوچۆ و گرفت بۆ شۆفێران دروستدەکەن.
لەم هەڵمەتەدا، دەستگیراوە بەسەر چەند ئامێرێکی میکسەری چیمەنتۆ و گەڵابە “کە هۆکاربوون بۆ پیسبونی ژینگەی شەقام وشوێنەگشتەکان”.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لە میکسەرەکان چیمەنتۆیان لەسەر شەقام رۆکردووە و لەسەر ئەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.