"لەبەر ئەوەى بارودۆخەکە ناسکە"
ئاگربەستى سەرتاسەرى لە سووریا راگەیەندرا
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتى کۆمارى سووریاى عەرەبى، ئاگربەستى گشتگیر و سەرتاسەرى لە وڵاتەکەیدا راگەیاند.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سووریا”وە دەرچووە، تێیدا هاتووە، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناسکی وڵات و لە پێناو راگرتنی خوێنڕشتنی سوورییەکان، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەلامەتیی گەلەکەی، بڕیاردرا بە راگەیاندنى ئاگربەست لەسەرتاسەرى وڵات.
لە بەیاننامەکەیدا، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێگە خۆش بکەن بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی تا بە بەرپرسیارانە ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەن بەمەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری.
وەک فەرمانێکى سەرۆکایەتیش دەڵێت، هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی، دەستبەجێ هەموو چالاکییەکی شەڕانگێزی لە هەموو ناوچەکاندا رابگرن.
“هێزەکانی ئاسایش دەستیان کردووە بە بڵاوبوونەوە لە ژمارەیەک ناوچەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، پاراستنی ئاسایشی گشتی و دابینکردنی سەلامەتی هاووڵاتیان و موڵک و ماڵیان”، سەرۆکایەتى کۆمار وا دەڵێت.
جەختیش دەکاتەوە کە هەر پێشێلکارییەک بۆ شکاندنى ئاگربەست، پێشێلکارى سەروەرى نیشتمانییە و لایەنى سەرپێچیکار رووبەڕووى رێکارى یاسایى دەبێتەوە.
ماوەى چەند رۆژێکە دۆخى سووریا لە ناوچەى سوەیدا ئاڵۆزە، پێکدادان لە نێوان هێزەکانى سەر بە ئەحمەد شەرع و چەکدارانى سەر بە دەرۆزەکان بەردەوامە، لەلایەکى تریشەوە ناوە ناوە ئیسرائیل هێرشى ئاسمانى دەکاتە سەر سوریا و بەرگرى لە دەروزەکان دەکات.