شەوانە كار دەكەن
شەقامەكانی سلێمانی رەنگ دەكرێنەوە
+964
ئەحمەد محەمەد- سلێمانی
ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی سێ شەوە دەستیكردووەتەوە بە رەنگكردنی شەقامەكانی و پلانیان وایە هەر شەقامێك نۆژەن بكرێتەوە، دەستوبرد رەنگی بكەنەوە.
ساڵانە لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە، بەشی ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی بە پێی پێویستی شەقامەكان هێڵەكانی پەڕینەوە و هێڵی نێوان سایدی شەقامەكانی رەنگدەكاتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی بۆیاخەوە، پڕۆسەكە درەنگتر لە وادەی خۆیدا دەستیپێكردەوە.
لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەكەوە، كانی حوسێن بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، هەرچەندە خۆڵبارین و رەشەبا كارەكانی چەند رۆژێك وەستاندن، بەڵام ماوەی سێ شەوە دەستیانكردووەتەوە بە پڕۆسەی رەنگردنەوەی شەقامەكانی سلێمانی، نزیكەی 90 تۆن بۆیاخیان لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆ تەرخانكراوە، بۆ هەموو پارێزگای سلێمانی و هەر شەقامێك ئامادەبێت، رەنگی دەكەنەوە.
وەك باسی دەكات، ئامێرەكانیان ناتوانن ئەو شەقامانە رەنگ بكەن، كە چاڵ و چۆڵی تێدایە، دەبێت پێشوەختە قیری شەقامەكان تازە بكرێتەوە، ئەوكاتە هێڵكاری بۆ دەكرێت و رەنگەكە دەڕێژرێت.
دەشڵێت، “ئامانجمان ئەوەیە، شەقامی سلێمانی – تاسڵوجە، كە زۆر پێویستە رەنگ بكەینەوە، بەڵام بڕیارە شارەوانیی سلێمانی شەقامەكە ئامادە بكات و نۆژەنی بكاتەوە، ئەوكاتە دەست بە رەنگكردنی دەكەین”.
ئەو بەڕێوەبەرە روونیشیكردەوە، بەهۆكاری دروست نەبوونی لۆد و ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان و سەركەوتنی پرۆسەی بۆیاخكردنەكە لە پلەی گەرمی دیاریكراودا، كە بۆیاخەكە تا پلەی 210 پلە دەكوڵێنرێت، بۆیە بە رۆژ كار ناكەن و لە شەودا كارەكانیان ئەنجام دەدەن.
“ئێستا لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودەوە، لە ئاستی بۆڵینگەوە دەستمان پێكردووە و گەیشتووینەتە خوار پردی كۆبانێ، بۆ قۆناغی دواتر شارەوانی هەر شەقامێكمان بۆ ئامادە بكات، تیمەكانمان كاری تێدا دەكەن” كانی حوسێن وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا