دەکرێت بە شەربەتى مێوژ
خۆیان ترێى باشیان هەیە؛ هاوردەکردنى لە دهۆک قەدەغەکرا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لەپارێزگای دهۆک هاوردەکردنی ترێ قەدەغە کرا، بڕیاریشە لە پایزدا و لەگەڵ پێگەیشتنى هەنار، هاوردەکردنى ئەو میوەیەش قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.7.2025، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە964ـی وت،”ئەمساڵ زیاتر لە 60 هەزار تۆن بەرهەمى ترێمان هەیە و خۆمان هەناردەى دەرەوەى دەکەین، بۆیە هاوردەکردنى تا مانگى 11 قەدەغەکرا”.
باسى لەوەشکرد، بۆیەکەم جار ئەمساڵ لە رێگەى دوو کارگەوە، بەرهەمى ترێ وەردەگرین و شەربەتى مێوژى لێ دروست دەکەین، بۆ میوەکانى تریش بە هەمان شێوە، بەڵام بەهۆى زۆرى بەرهەمى ترێ، شەربەتى مێوژ زیاتر دروست دەکەن.
کارگەکان یەکێکیان دەکەوێتە ناحیەى مانگێش لە سنوورى زاوێتە و تەواو بووە، ئەوەى تریش لە سنوورى قەزاى سێمێلە و 90%ـى کارەکانى تەواو بووە.
پارێزگای دهۆك بەناوبانگە بە ترێ و ساڵانە جوتیاران زیاتر لە 20 هەزار دۆنم ترێ دەچێنن، نزیکەی 125 جۆر ترێ ههیه، هەندێک لە وان ناویان کەمالی، حلوانی، تایفی، رەش، زەرد و زەیتونی، بهڵام بەناوبانگترین ترێی دهۆک ترێی رەشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، سەرەتا لەناو بازاڕدا کیلۆیەک بە دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح