وێنەی سەربازەکەی سوپا - دیمەن: روانگەی سوری
کاردانەوەی دروستکردووە
سەربازێکی سوریا بە لۆگۆی داعشەوە لە دەروازەی سوەیدایە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەربازێکی حکومەتە راگوزەرەکەی سوریا، بە لۆگۆی “رێکخراوی چەکداری داعش” لە دەروازەی سوەیدا لە دیمەنێکی ڤیدیۆی دەردەکەوێ، ئەم دیمەنە کاردانەوەی دروست کردووە، سەربازەکە لۆگۆی رێکخراوی داعشی لەسەر سنگی داناوە.
ئەو سەربازە جلی فەڕمی سوپای سوریای لەبەرە، چەکێکی جۆری کڵاسینکۆفی پێیە، سمێڵێکی کورت و ریشێکی درێژی هێشتووەتەوە، لە دەوروبەری هەست بە نائارامی و جوڵەی بەردەوام دەکرێ.
ئەو دیمەنە ڤیدیۆیە دیار نییە کەی تۆمار کراوە، بەڵام روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئەوە دەزانرێ وا چوا رۆژە حکومەتی راگوزەر لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەی لەگەڵ دروزەکان لە پێکدادانی بەردەوامدایە و سەربازەکەش لەو دیمەنە دەڵێ، ئەوان لە دەروازەی سوەیدان.
سوەیدا پارێزگایەکی سوریایە، هۆزی دروز کە پێکهاتە و نەریتێکی ئاینییان هەیە ئەو ناوچەیە وەک کانگا و هۆی گەشەکردنیان دەزانن، ناکۆکن لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا و لەلایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل بە هاوپەیمانیان دەزانێ.
ئەو سەربازە بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی روانگەی سوری بێت بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەندامە لە فیرقەی 82ی وەزارەتی بەرگری سوریا و لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆ چوونە ناو شاری سوەیدە دیمەنە ڤیدیۆییەکەی تۆمار کردووە، ئەو گروپانەی تێکەڵ بە سوپا کراون چەند فرقەیەکی جیاوازن و پەروەردە و ئەرکی جیاوازیان پێ دراوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنە لە کاتێکدایە، چەند رۆژی رابروو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەربازانی سوریایان بەوە تۆمەتبار کرد، ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینی و هاوڵاتی دروزیان ئەتک کردووە، بەوەی دیمەنی ڤیدیۆییان تۆمارکردوون کاتێک بە دەست یان بە مەکینە و گوێزان ریش و سمێڵیان دەتاشن.
کاردانەوەی ئەم ئاکارانە، زۆری نەخایاند و ئیسرائیل کە خاکەکەی هاوسنوری سوریایە و دروزەکان لە تەنیشتی ئەون، ئەمڕۆ چوارشەممە بە هێرشی سەربازی هەڵوێتسی خۆی راگەیاند و دامەزراوەیەکی سەربازی و ناوچەیەکی هەستیاری لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا لە دیمەشق بۆردومان کرد.
دواتر وەزارەتى تەندروستی سوریا رایگەیاند، بەهۆى بۆردومانەکانى ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق 9 کەس کوژران و 13 کەسیش برینداربوون، ئەوە لە حاڵێکدا بەهۆی پێکدادانی چوار رۆژی رابردووی سوپای سوریا و دروزەکان، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، 248 کەس کوژراون.
لە ناوچەی سوەیدای سووریا شەڕە و 37 کەس کوژراون