داوای موچە دەکەن

ھاوڵاتیان و فەرمانبەران لە کەلار گردبوونەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دژی دواکەوتنی موچەکانیان و کوژرانی ھاوڵاتیەک لە خۆپیشاندانەکەی ناحیەی وەرتێ، بەشێک لە ھاوڵاتیان و موچەخۆران و چالاکوانانی قەزای کەلار لەبەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم لە بازاڕی کەلار گردبوونەوە.

ئومێد عەلی، مامۆستایە و یەکێکە لە بەشداربوانی گردوبونەوەکە بە 964+ وت،”حکومەتی ھەرێم بێباکە لە دروستکردنی گرفت و نەھامەتیەکان بۆ خەڵکی ھەرێم، کاتێکیش خۆپیشاندانی ھێمنانەش دەکرێت بە چەک و ھێز وەڵامی ھاوڵاتیان دەدرێتەوە”.

“ئەم وڵاتە کوشتنی لێنابڕێت، ھەروەک چۆن لە خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی وەرتێ لە دو رۆژی رابردوو، ھاوڵاتی حەسەن رەحمان بە گولـلەی ھێزە ئەمنیەکان کوژرا”.

سەڵاح ئەحمەد، ھاوڵاتیەکی دیکەی خۆپیشاندانەکەیە قوفڵ و زنجێرێکی بەدەستەوە گرتووە و بە 964ـی وت،”وەک چۆن فەرمانگەکان قوفڵی لێدراوە و داخراوە موچە نادرێت، پێویستە بەو شێوەیەش قوفڵ لە دەرگای بارەگای حزبەکان بدرێت و بنێردرێنەوە ماڵەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی ھەرێم خۆی موچە دابین بکات یان ئەوەتا ملکەچی فەرمانەکانی بەغدا ببێت و نەوت تەسلیم بکات و خەڵک موچە وەرگرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی