نزمى ڤۆڵتییە
پڕۆژەیەکی 2 ملیار دیناری چارەسەری قەیرانی کارەبای حاجیاوا و چوارقوڕنە دەکات
964+
وریا فەتاح
کارکردن لە پڕۆژەی وێستگەی کارەبای مۆبایلی حاجیاوا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە بە تەواوبوونی کۆتایی بە کێشەی بارزۆری و نزمیی ڤۆڵتیەی کارەبا لە ناحیەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و گوندەکانی دەوروبەری دەهێنێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کارەباى راپەڕین بڵاوى کردەوە، تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 2 ملیار دینارە و توانای 25 مێگاوات ئەمپێری (MVA) هەیە پڕۆژەکە کە لەسەر بودجەی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت کە چارەسەری بارزۆری سەر وێستگەی کارەبای چوارقوڕنە و فیدەرەکانی دەکات، چونکە پێشتر بەهۆیەوە لە وەرزی زستاندا ناچار دەبوون کارەبای گەڕەکەکان بە نۆرە بکوژێننەوە.
روونیشى کردووەتەوە، کارەکانی پڕۆژەکە لە 6ـى 3ـى 2024 دەستیپێکردووە و پاش ئەنجامدانی کارەکانی وەک لێدانی بیرئاو و دروستکردنی پەرژین، ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە.

