بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێری NRT بۆ 964
“بە شەق و زللە کەوتنە گیانمان، ئەوەی بە دەمیاندا هات وتیان”
964+
توانا نەقی
ئەم بەیانییە لە چەند شوێنێکی هەولێر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەنجامدرا، رۆژنامەنوسانیش بۆ روماڵکردن لەوێ بوون و بەڵام بەشێکیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئازار دراون و لێیان دراوە.
هێرش قادر بەڕێوەبەری نوسینگەی NRT لە هەولێر یەکێک بوو لەو رۆژنامەنووسانەی لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هەولێردا عەزێت درا.
هێرش قادر بە 964ـی وت، لە کورانی عەنکاوە لە هەولێر خۆپیشاندان بوو لەسەر بێئاوی، بۆ رووماڵ لەوێ بووین هێزێکی زۆری ئەمنی هاتن پەلاماریانداین و بە شەق و زللە کەوتنە گیانمان، ئەوەی قسەی ناشرین بوو بە دەمیاندا هات بە خۆمان و کەسوکارمانیان وت.
ئەوەشی وت، کە تەنانەت زیانیان بە پێلەقە بە ئۆتۆمبێلەکەشیان گەیاندووە و بەزۆر لەو ناوچەیە دووریان خستوونەتەوە.
لە سلێمانیش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بە بیانووی خۆپیشاندان دکتۆر ئەحمەد ئەمین مامۆستای زانکۆ دەستگیر کراوە.
خۆپیشاندانی ئەو گەڕەکە و چەند شوێنێکی دیکەی هەولێر بەهۆی نەبوونی کارەبا و بێئاویەوە بووە و لە سلێمانیش ویستیان خۆپیشاندان لەبەر نەبوونی موچە بکەن بەڵام بە بیانووی ناسکی دۆخەکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.