کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پرسی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوت – وێنە؛ حکومەتی هەرێم
"کاریگەری خراپی کردووەتە سەر بژێوی هاوڵاتیان"
حکومەتی هەرێم: کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی موچە
964+
شۆڕش قادری
حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نەناردنی موچە لەلایەن بەغداوە کاریگەری زۆر خراپی کردووەتەسەر بژێوی هاوڵاتیانی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە چڕ دەکەنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە 13.7.2025 کۆبوونەیەکی تایبەت بە پرسی موچە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بەئامادبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەوبارەیەوە کۆدەنگی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی موچەخۆرانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە کە کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێوی و بارودۆخی ژیانی موچەخۆران و هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و ئەو بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەو پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.