زاخۆ رووبەڕووى شورتە دەبێتەوە
سبەینێ چونەژوورەوەى هاندەران بۆ یاریگا بێبەرامبەرە
964+
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
بڕیارە سبەی شەممە، 12.7.2025، کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە، یاریی قۆناغی پێش کۆتایی جامی عێراق لە نێوان یانەی زاخۆ و یانەی شورتە لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ ئەنجام بدرێت.
ئەم یارییە بەهۆی گرنگییەوە فشارێکی زۆری لەسەر بلیتەکانی دروست کرد، بەڵام دواتر بڕیار درا چوونەژوورەوە بۆ هاندەران بێبەرامبەر بێت.
یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ، کە جێگەی زیاتر لە 25 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و خاوەنی 12 دەرگای چوونەژوورەوەیە، ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە گرنگە.
دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی زاخۆ گلەییان لە گرانبوونی نرخی بلیتەکان کرد، کارگێڕی یانەکە بڕیاری دا کە چوونەژوورەوە بۆ تەواوی یاریگاکە بێبەرامبەر بێت.
دلژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ، بە 964تی راگەیاند کە چوار کەسایەتی خێرخواز و دەوڵەمەندی شارەکە هەستاون بە کڕینی سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە وەک دیارییەک بۆ هاندەران، تەنها شوێنەکانی VIP نەبێت کە پێشتر لە سەرەتای وەرزەوە لەلایەن هاندەرانەوە کڕاون.
یانەی زاخۆ لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی عێراقدایە و رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە، براوەی ئەم یارییە، لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان یانەی دهۆک و یانەی قوە جەوییە دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح