دوو ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە

لە سۆران 3000 هەزار ماڵ بە تانکەر ئاویان پێدەگات

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لەم وەرزی هاوین و بێ ئاوییەدا، سێ هەزار ماڵ لە گەڕەک و گوندەکانی سنووری سۆران بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

پشکی شێری دابەشکردنی ئاو بە تانکەر گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان و گوندەکانی قەزای خەلیفان و قەزای سیدەکانن، کە  ژمارەیان نزیکەی 30 گوندە، بەشی زۆریان تۆڕی ئاویان پێنەگەیشتووە یان پڕۆژەکەیان تەواو نەبووە، دوو ملیار دیناریش تەرخان کراوە بۆ دابینکردنی ئاو بە تانکەر لە سنوورەکە.

موئەیەد شەوکەت، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی جۆری ئاو لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، بە 964ـی وت، “سێ هەزار ماڵ لە سنورەکەمان بە تانکەر ئاویان پێدەگات کە رۆژ نا رۆژێک بەسەریان دابەش دەکرێت و کۆبۆنیان بۆ دروست کراوە کە بۆ هەر مانگێک، بڕی حەوت هەزار و 500 دیناریان لێ وەردەگیرێت”.

وەک باسی دەکات، مانگانە هەر ماڵێک 30 هەزار لیتر ئاوی بە تانکەر بۆ دەچێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکانی ئاویش، ئەرکی ئەوان ئاسانتر دەبێت و دابەشکردنی ئاو بە تانکەر گرفتی زۆرە.

سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە شەش قەزا و 13 ناحیە و زیاتر لە 850 گوند پێکدێت، هەرچەندە ناوچەیەکی شاخاوی و پڕ لە کانیاو و رووبارە، بەڵام بێبەش نییە لە گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەی ماڵان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

سۆران خەمی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی نابێت

سۆران خەمی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی نابێت