دوو رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت
دوای دوو مانگ پێدانی ئاو بە هاوڵاتیانی ناحیەی سیروان ئاسایی بوویەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ماوەی دوو مانگ بوو بەهۆی لەکارکەوتنی ترۆمپاکانی پرۆژەی ئاوی هانەژاڵەوە، پێدانی ئاو بە هاوبەشانی ئاو لە ناحیەی سیروان لە سێ کاتژمێرەوە کەم کرابوویەوە بۆ کاتژمێرێک، دوای چاکردنەوە و کارکردنەوەی پرۆژەکە ماوەی دوو رۆژە پێدانی ئاو ئاسایی بووەتەوە.
هێمن حەمەحسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان بە 964ـی راگەیاند، ماوەی دوو مانگ بوو، دوو ترۆمپای گەورەی پرۆژەکە شکابوو، پێداویستی چاککردنەوەکەی لە دەرەوەی وڵات دەستدەکەوت و وەستاکانیش لەشاری موسڵ، ترۆمپاکان برابوونە شاری موسڵ و چاوەڕێی پێداویستیەکان کراوە هەتا لە وڵاتی کۆریاوە گەیشتوون و ماوەی دوو رۆژە چاککراونەتەوە و بەستراون و لە دوێنێوە پێدانی ئاو بە هاوبەشانی ناحیەی سیروان ئاسایی بووەتەوە و لەمەودوا دوو رۆژ جارێک و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ئاویان پێدەدرێت.
دەربارەی چۆنیەتی دابینکردنی ئاو لەم دوو مانگەی رابردوودا هێمن حەمەحسێن وتی، لەم ماوەیەدا سوود لە بیرەکانی ناحیەکە وەرگیراوە بۆ پێدانی ئاو ناچار بووین بە بەردەوامی ئەو بیرانە کارپێبکەین، بە هۆی کەمی ئاوەکەوە هاوڵاتیان ناچاربوون کە دینەمۆ بەکاربهێنن بۆ سەرخستنی ئاوەکە بۆ تەنکی سەربان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ کاکردنەوەی پرۆژەی هانەژاڵە، ئەو کێشەیە چارەسەر بووە و پرۆژەکە بەردەوام ئاوی زۆری تێدایە و پێویست بە بەکارهێنانی دینەمۆ ناکات.
پرۆژەی ئاوی هانەژاڵە دەکەوێتە سەر رووباری سیروان لە ناوچەی نەورۆڵی و 21 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە و ئاو بۆ بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەڵەبجە و ناحیەی سیروان دابیندەکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی