رێوڕەسمی عاشوورا لە كەركوك
بۆ مانگی موحەڕەم
پۆلیس كەركوک بە نیازی چییە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک پلانی ئەمنی بۆ مانگی پیرۆزی موحەڕەم راگەیاند، كە بڵاوكردنەوەی هێزە لە نزیك مزگەوت و حوسیەنییەكان و هەروەها پاراستنی رێگای كەركوك – بەغدا.
فەرماندەی پۆلیسی كەركوك لیوا فەتاح خەفاجی بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، پلانێكیان بۆ دابینكردنی ئاسایشی رێوڕەسمی یادكردنەوەی عاشوورا ئامادەكردووە، كی پێكدێت لە بڵاوكردنەوەی مەفرەزەی ئەمنی لە نزیك مزگەوت و حوسیەنییەكان و كەژاوەی گەشتیاران، هەروەها رێكخستنی جوڵەی زیارەتكاران، لەگەڵ زامنكردنی ئاسایشی رێگای كەركوك – بەغدا تا دەگاتە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.
وتیشی، هێزە ئەمنییەكان پابەندكراون بە جێبەجێكردنی پلانی ئەمنی لە ماوەی 10 رۆژی یەكەمی مانگی موحەرەم و رێوڕەسمەكانی عاشوورا و هێزە ئەمنییەكان لە رێگەی بەغدا بەرەو كەربەلاش مەفرەزەیان دەبێت.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک باسی ئەوەشی كردووە، پلانی ئەمنی بۆ عاشوورا، هیچ گۆڕانكاری و گرتنی رێگاكانی ناو شاری تێدا نابێت، تەنیا ئەو شەقامە سەرەكییە نەبێت، كە رێوڕەسمی عاشوورای لێ بەڕێوەدەچێت، لە ناو شاریش ئاسایش و ئەمنیەت بۆ كەژاوەكان دابین دەكرێت لە كاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی عاشوورا.