وەک یەکەم تەرم لەوێ ئەسپاردە کرا
ژنێکی تەمەن 80 ساڵ، دەرگای گۆڕستانە نوێیەکەی قەڵادزێی کردەوە
964+
محەمەد عەلى_ قەڵادزێ
ئەمڕۆ ژنێکی بەتەمەنی 80 ساڵانی قەڵادزێ بووە یەکەم کەس کە لە گۆڕستانە نوێیەکەی شارەکەدا بەخاک سپێردرا. ئەمەش بوو بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورەی شارەکە.
بەخاکسپاردنی ئەو ژنە دنیادیدەیە، دەرگای گۆڕستانە نوێیەکەی قەڵادزێى کردەوە، چونکە گۆڕستانی گەورەی قەڵادزێ بە تەواوی پڕ بووەوە و چیتر شوێنی بۆ ناشتنی کۆچکردووان تێدا نەمابوو.
جەمال ئیبراهیم، بەرپرسی دەستەی سەرپەرشتیارانی گۆڕستانەکانی قەڵادزێ، بە 964ـی راگەیاند: “گۆڕستانی گەورە جێگەی تێدا نەمابوو، بۆیە ناچاربووین ئەم گۆڕستانە نوێیە لەبەرامبەر گۆڕستانە کۆنەکە ئامادە بکەین. لە ئەمڕۆوە، هاوڵاتییان دەتوانن ئازیزانیان لێرە بەخاک بسپێرن.”
گۆڕستانە نوێیەکە بە هەوڵی خێرخوازان ئامادە کراوە، رووبەرەکەی نزیکەی 11 دۆنمە لەلایەن خێرخوازێکەوە بەخشراوە، هەروەها کاری تەختکردنی زەوی، لێدانی بیرێکی ئاو و راکێشانی کارەباش هەر لەسەر ئەرکی خێرخوازان ئەنجام دراوە.
ناشتنی تەرم لەم گۆڕستانە نوێیەدا بەبێ رێنمایی نابێت. جەمال ئیبراهیم جەختی کردەوە کە دەبێت هاوڵاتییان پابەندی چەند خاڵێک بن بۆ ئەوەی گۆڕستانەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و جوان بمێنێتەوە:
وەک باسى دەکات، بەپێى رێنماییەکان نابێت گۆڕەکان کۆنکرێت بکرێن، ئەگەریش کرا، نابێت بەرزییەکەی لە 20 سانتیمەتر زیاتر بێت بۆئەوەی زەوی زۆر داگیر نەکات. هەروەها بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هیچ کەسێک پێشوەختە زەوی بۆ خۆی یان کەسێکی تر هەڵبگرێت.
لەبارەى چاندنى درەخت و نەمامەوە، جەمال ئیبراهیم وتى،”نابێت درەختی گەورە لەناو گۆڕستانەکەدا بچێنرێت کە ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو. خۆمان چواردەوری گۆڕستانەکە بە درەخت سەوز دەکەین و دەمانەوێت دیزاینێکی جوانی هەبێت”.
لە قەڵادزێ پێنج گۆڕستان هەن کە سێیان فەرمین و دوانیان نافەرمی، بەڵام کردنەوەی ئەم گۆڕستانە نوێیە بەم رێنماییانەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناشتن و پاراستنی سیمای شارەکە. بەرپرسانی گۆڕستانەکەش داوا لە هاوڵاتییان دەکەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە پابەندی رێنماییەکان بن.