عێراق دەیەوێت لە رێگای توركیاوە نەوت هەناردە بكات

بۆریی نەوتی كوردستان دەكەوێتەوەكار؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا هاكان فیدان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی خاکی تورکیاوە گفتوگۆیان كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 22.6.2025 ئاشكرای كرد، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی، هاکان فیدان کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا لەژێر رۆشنایی ئەو پەرەسەندنەی لە ناوچەكە روویداوە، پێداچوونەوەیان بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەدا کرد.

باسی ئەوەش كراوە، “هەردوولا باسیان لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کرد لە رێگەی خاکی تورکیاوە، هەروەها جەخت لە گرنگیی خێراکردنی هەماهەنگی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دووپاتکرایەوە”.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیکردەوە بۆ هاوکاریی تەواو لەم ڕووەوە بۆ بەرزکردنەوەی بەرژەوەندی هاوبەش.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بابەتی ئاو باس كراوە، “وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسی بەردانەوەی ئاوی بۆ ناو عێراق کرد” و ئاماژەی بە “کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی ئەو ئاوە كردووە، كە لە تورکیاوە دێتە عێراقەوە”.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، “وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڵێنی دا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەیدا بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بكات، بە شێوەیەک کە گەرەنتی بەرژەوەندی هەردوولا بکات”.

بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و مەترسییەكانی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە (ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران بڕیاری داخستنی دا) عێراق ترسی هەیە هەناردەی نەوتەكەی لەو رێگەیەوە پەكی بكەوێت، ئێستاش بەو گفتوگۆیەی نێوان فوئاد حوسێن و هاكان فیدان، بژارەی رێگای توركیا هاتووەتەپێش، كە بۆ ئەمەش بۆی هەیە بۆریی نەوتی كوردستان بەكار بهێنرێت، جگە لەوەی بۆرییەكی دیكەی كۆنیش هەیە، كە نەوتی عێراق لە كەركوكەوە دەگوازێتەوە توركیا، بەڵام چەند ساڵێكە لەكاركەوتووە.

پەرلەمانی ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی پەسەند ک...

پەرلەمانی ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی پەسەند کرد

پێشتر نەوتی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكرا، بەڵام لەوەتەی 25.3.2025 بە بڕیاری دادگای پاریس، دوای شكاتی حكومەتی عێراق، هەناردەكە راگیراوە، لەوكاتەوەش تا ئێستا هەوڵی زۆر دراوە بۆ دەستپێكردنەوەی، بەڵام هێشتا نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە ناكرێت، بە گوێرەی شیكردنەوەی شارەزایانی ئابووری، زیان و زەرەری زۆری بە هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت توركیاش گەیاندووە.

مەترسى داخستى گەرووى هورمز؛ ئەوروپا ناچار دەکات دەرگا...

مەترسى داخستى گەرووى هورمز؛ ئەوروپا ناچار دەکات دەرگاى گفتوگۆ بۆ ئێران بکەنەوە