لە خورماتوو
گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان عەرەبی هاوردە و جوتیارانی کورد روویدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە گوندی تەپەسەوزی سنووری خورماتوو، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان عەرەبی هاوردە و جوتیارانی کورد دروستبوو و سێ کەس برینداربوون.
مەجید عەبدوڵا جوتیارێکی دانیشتوی گوندی تەپەسەوز بە 964ـی وت، “پاشنیوڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک جوتیاری عەرەبی هاوردە لەگەڵ پۆلیس و دادوەردا هاتنە سەرمان و بەنیازبوون بەزۆر پەنجەمۆرمان پێ بکەن، بۆ ئەوەی گرێبەستی ئەو زەویانە بکەن بەناوی خویانەوە، بەڵام ئێمە داواکەیانمان رەتکردەوە و دوای ئەوەش بارودۆخەکە گۆڕا بۆ گرژی و ئاڵۆزی، ئێمە جوتیارانی کورد بەبەرد و خاکەناز بەرپەرچمان دانەوە و ناچارمان کردن هەڵبێن و شوێنەکە جێبهێڵن”.
شەمان کاکەخان جوتیارێکی دیکەی ناوچەکە وتی، “لەکاتی گرژییەکەدا جوتیارێکی هاوڕێمان و دوو لە عەرەبی هاوردەش برینداربوون، هەرچەندە ئێستا دۆخەکە ئارامە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە دووبارە هەڵبکوتنەوە سەرمان، بەو پێیەی هەڕەشەیان لێ کردووین و دەڵێن، حکومەت لەپشتی ئێمەیە”.
سەبارەت بەو پرسە 964 پەیوەندی کرد بە حەسەن گەرمیانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و نوێنەری جوتیارانی خورماتوو، ئەو وتی، “ئەو عەرەبە هاوردانە گرێبەستی نوێیان هێناوە، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە خورماتوو لەسەر هێڵین، بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە”.
جەختی لەوەشکردەوە کە هیچ جوتیارێکی کورد لەسەر ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی ئەمڕۆ دەستگیر ناکرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، چونکە ئەوان مافی خۆیان بووە و بەرگریان لەزەویوزاری خۆیان کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری