قوباد تاڵەبانی: هاوڵاتیان لە فەرمانگەکاندا توشی یاری مار و پەیژە دەبن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە دامودەزگا و فەرمانگەکاندا لەکاتی راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان رۆتیناتی زۆر هەیە و هاوڵاتیان “توشی یاری مار و پەیژە دەبن”.

قوباد تاڵەبانی لە کاتی بەشداریکردنی لە سێیەمین پێشانگای تێکفێست لە سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چەند بەڕێوەبەرایەتییەک لە سلێمانی بەرەو یەک پەنجەرەیی دەڕۆن و هاوڵاتیان رزگاریان دەبێت لەو راکە راکە.

“دەستمانکردووە بە پرۆژەیەک و شەش حەوت بەڕێوەبەرایەتیمان لە سلێمانی ئێستا بەرەو یەک پەنجەرەیی دەڕۆن، ئەوکاتە هاوڵاتی رزگاری دەبێت لەم راکە راکە، دەچێت یەک پەنجەرە دەبینێت و ئەوراقەکانی خۆی تەقدیم دەکات و ئەو کاتە راکەڕاکەکە لەپشتی ئەو پەنجەرەیە روودەدات و دەبێت فەرمانبەرەکان ئەو کارە بکەن بۆ هاوڵاتیەکە،” قوباد تاڵەبانی وای وت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی وتی، خاڵی لاوازی ئابوری کوردستان نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە، بۆیە کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی.

وتیشی، ئابوری هەرێم و کەرتی تایبەت پێش ناکەوێت بەبێ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی و دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و بانکەکاندا. ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر سیستمی بانکی رێک بخەینەوە بەشێکی بەرچاوی کێشە ئابورییەکان و کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری هەرێم چارەسەر دەبن.

جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند، “لە ئێستادا کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوڵاتیان رۆژانە ئاگاداری خەرجییەکانی حکومەتیش بن و بزانن ئەو پارەیەی لە رێگەی باج و رسوماتەوە دەیدەنە حکومەت چۆن خەرج دەکرێت”.