ئەمە یانى چى؟
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق هۆشدارى بە راگەیاندنەکان دەدات
وریا فەتاح
دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، هۆشدارى بە کەناڵەکانى راگەیاندن دەدات سەبارەى بە رووماڵکردنى جەنگى ئێران و ئیسرائیل و جەختى کردووەتەوە کە دەبێت رووماڵەکانیان لەگەڵ هەڵوێستى فەرمى حکومەتى عێراق بگونجێت، سەنتەرى میترۆش ناکۆکى خۆى بۆ بڕیارەکە راگەیاندووە و دەڵێت: ئەمە یانی چی؟.
نووسراوەکە کە رۆژی 14ـى حوزەیرانی 2025 دەرچووە.
لە نووسراوێکدا، کە واژۆی دکتۆر نەوفەل هیلال ئەبو رغیف، سەرۆکی دەستەی میدیا و گەیاندنی لەسەرە، هاتووە کە ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق کە لە 13ـی حوزەیراندا دەری بڕیوە و ئیدانەی “دەستدرێژیی ئاشکرای قەوارەی زایۆنی بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران”ـی کردووە. بەیاننامەکە ئەو دەستدرێژییە بە “پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی روون بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی” وەسف دەکات.
بەپێى هۆشدارى دەستەکە بێت، دەبێت هەموو دەزگا میدیاییەکانى عێراق پابەندبن بە پیشەییبوون و وردبینی لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکاندا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ “بنەما نەگۆڕە نیشتمانی و مرۆیی و ئیسلامییەکانی گەلی عێراق”دا بگونجێت.
هەروەها، ئاماژە بە “یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنی” ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٢ کراوە و هۆشداری دراوە لە بڵاوکردنەوەی “هەر ناوەڕۆکێکی میدیایی کە لێی تێبگەیشترێت یان ئاماژە بێت بۆ پەرەپێدانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی قەوارەی داگیرکەر”.
دەستەکە بەمەوە نەوەستاوە و دەڵێت، هیچ دودڵ نین لە گرتنەبەرى رێکارى یاسایى بەرامبەر هەر میدیاییەک کە ئەو بنەمایانە پێشێل بکات.
رەحمان غەریب رێکخەرى سەنتەرى میترۆ بە 964ـى وت،”گواستنەوەی هەواڵەكانتان كە “یەكبگرێتەوە لەگەڵ نەگۆڕەكانی و گەلی عێراق و پرەنسیپی نیشتمانی و ئینسانی و ئیسلامی”، وەک ئەوەى لە نوسراوى دەستەکەدا هاتووە، زۆر لاستیكییە، بە واتای دەتوانن هەواڵێك لێدوانێك، نوسینێك یان بیروڕای بەشداربووەیەكی لەبەرنامەیەك گفتوگۆ، وا خوێندنەوەى بۆ بكرێت كە پێچەوانەی ئەو هەموو “نەگۆڕانەن” .
لەبارەى،”بە توندی هۆشداری دەدات لە هەر ناوەڕۆكێكی میدیایی كە مانا یان ئاماژەی ئەوە ببەخشێت، كە تەرویجە بۆ قەوارەی داگیركەرە جا راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ”، رەحمان غەریب وتى،”باشە كێ بڕیار دەدات ؟ چۆن بڕیار دەدرێت؟ كە ناراستەوخۆ بە ئاماژەیش بێت كە تەرویجە، نمونە ئەگەر كەسێك ووتی “موشەكەكانی سوپای ئیسرائیل ئامانجەكانی بە وردی دەپێكێت” یان بڵێت ” موشەكەكانی ئێران ئامانجەكانیان ناپێكن” ئایا ناكرێت ئەم شرۆڤە سەربازییە بچێتە خانەی تەرویج؟”.
وەک ئەوەى رێکخەرى سەنتەرى میترۆ باسى دەکات، لە مادەی 7ـى یاسای “تاوانباركردنی ئاساییكردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنیستی ژمارە 1ی ساڵی 2022 ” سزای لە سێدارەدانی تیایە بۆ هەر كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەرویج بكات، جەهەری رێنماییەكەیش ئەو هۆشدارییەی تیایە، جا كەسێك رای خۆی بڵێت ئەمان تەفسیرو راڤەی بكەن، ئەبێت چاوەڕێی یەكێك لەو سزایە بێت.
پێشى وایە، ئەم رێناماییانە وا دەكات میدیاكان زیاتر سانسۆر بخەنە سەر خۆیان و كۆتوبەند بۆ شرۆڤەكاران زیاتر دەكات.