لیژنەی فەتوای سلێمانی

ئەو دوکاندارانەی نرخ گران دەکەن تاوانکارن

964

دیلان محەمەد جەزا

گرانکردنی نرخی شتومەک لە بازاڕدا بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، گلەیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە و سەرۆکی لیژنەی فەتوا دەڵێت، ئەوانەی كەلوپەل و خۆراك گران دەكەن، تاوانكار و گوناهبارن.

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، بە 964 وت، گرانکردنی خواردن لە بازاڕدا لە ئایینی ئیسلامدا یەکێکە لە هێڵە سوورەکان و نابێت لە دۆخێکی وادا هەل بقۆزرێتەوە و ئەركی سەر شانی هاوڵاتیان گران بكرێت.

وتیشی، هەر بازرگانێك كەلوپەل و خۆراك لە كۆگاكانی بشارێتەوە بۆ ئەوەی گران بێت، ئەوە تاوانبارە و پێویستە حكومەت موحاسبەی بكات.

لە پرس گرانبوونی زێڕ و قورسبوونی پرۆسەی هاوسەرگیریشیدا، دکتۆر محەمەد پێنجوێنی ئەوەی خستەڕوو، كە پێغەمبەری خوا رەحمەتی بۆ ئەو كچانە ناردووە داواكاری كەم دەكەن بۆ زەواج، بە تایبەتی لەو بارودۆخەدا واباشە داواكاریی زۆر نەكرێت.

هەروەها وتی، پێویستە كوڕانیش ئەو خۆشەویستییەی پێش هاوسەرگیری بۆ كچان هەیە، لە دوای هاوسەرگیرییش راستگۆ بن و ئەو خۆشەویستییە بپارێزن كە پێشتر دەریانبڕیوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"بەدەر لە لیژنەی باڵا هەر فەتوایەك لەهەرێمی كوردستان بدرێت قەبوڵ نییە"