فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی _ وێنە: Iraqi Airways
بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل
سودانی: بەزوویی ئەو گەشتیارانە دەگەڕێنینەوە کە گیریان خواردووە
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆک وەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی راسپاردووە ئەو گەشتیار و هاوڵاتییانەی وڵاتەکە بگەڕێننەوە زێدی خۆیان، کە بەهۆی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل لە چەند وڵاتێک گیریان خواردووە.
ئەمڕۆ شەممە 14.6.2025، نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، وەزارەتی گواستنەوە دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی ئەو گەشتیارە عێراقییانەی کە لە ئوردن و کوێت و تورکیا، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی گیریان خواردووە.
“دەستیشکراوە بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانەی عێراق کە لە خاکی پیرۆزی سعودیە ماونەتەوە و بە سەلامەتی دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان”، نووسینگەی سودانی وا دەڵێت.
ئەمڕۆ دەستەی فڕۆكەوانیی هەریەكە لە وڵاتانی ئوردن و لوبنان رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەكانیان بۆ گەشتەكانی فڕۆكە كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دایانخستبوو.