دیمەنی زۆنی بە ئامانجگیراوەکان لە ئێران - وێنە: میدیا خۆجێییەکان
بەرپرسانی سەربازی زۆرینەن
کوژران و برینداربوونی 407 کەس لە ناوچەکانی تاران راگەیەندرا
964+
ئەحمەد مستەفا
ئاژانسی فارس نیوز ئێران دەڵێ، راپۆرتی نافەرمی کراوە بەهۆی هێرشەکانی ئسیرائیل بۆ سەر ناوچەکانی تارانی پایتەخت، 78 کەس کوژراون و 329 کەس برینداربوون.
زۆرینەی ئەو کەسانەی کراون بە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەرپرسانی سەربازی ئێرانن.
چی روویداوە؟
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی لەپڕى بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و میدیاکانی ئێرانیش بیستنی دەنگی تەقینەوەیان لە تاران پشتڕاستکردەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا راگەیاند و دوو بەرپرسی ئەمریکیش دەڵێن، ئاگاداری هێرشەکە بوون، بەڵام ئەمریکا بەشداریی تێدا نەکردووە.
دەنگى رۆیشتى موشەکەکان لەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان هەستى پێکرا و بەشێک لە خەڵکى لە شیرینى خەو خەبەر کردەوە، لەگەڵ یەکەم دەنگى موشەکەکانیش نرخى نەوت فڕى.
هەر تۆزێک دواى هێرشەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە پاش هێرشە خۆپارێزییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر ئیسرائیل و هاوڵاتییە مەدەنییەکانی.
لەبەر ئەم مەترسییەش، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانێکی تایبەتی دەرکرد و بارى نائاسایى لەسەرتاسەرى وڵاتدا راگەیاند و ئاسمانى وڵاتەکەشى داخست.
هەر لەو کاتەدا، موشەکەکان گەیشتنە تاران و چەند تەقینەوەیەکى یەک لەدواى یەکیان دروستکرد.
لەبارەى هێرشەکانەوە، دوو بەرپرسى ئەمریکى بە رۆیتەرزیان وتووە کە لە هێرشەکەدا ئەمریکا بەشدارى تێدا نەکردووە و هیچ کۆمەکێکى ئیسرائیلیشى نەکردووە.
بەپێى میدیاى ئیسرائیلى بێت، هێرشەکان بەوە ناوەستن و چەند هەفتەیەکى تر بەردەوام دەبن.
هەرچەندە قسەوباسى جیاواز دەکرێت لەبارەى شوێنى بە ئامانجگرتنى هێرشەکان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن ئەو شوێنانەى بەئامانجگیراون، شوێنى مانەوەى بەرپرسانى سەربازى و ناوەندە سەربازییەکانن.
عێراقیش کە بەهۆى گروپە میلیشیاییەکانەوە بەرکەوتەیەکى رووداوەکانە، هەرزوو ئاسمانى وڵاتەکەى داخست، چونکە بەشێکى موشەکەکان لێرەوە تێپەڕین.