بەهۆى کەمبارانى

ئەو گوندەى پشتى بە تۆڕى ئاو نەدەبەست؛ بە بۆڕى ئاوى بۆ راکێشرا

964+

وریا فەتاح

کەمى باران و وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو، ژمارەیەک گوندى سنوورى ئیدارەى راپەڕینى ناچار بەوە کردووە بە بۆڕى و لە رێگەى تۆڕى ئاوەوە، ئاویان بۆ رابکێشرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025، بە بۆڕى و لە تۆڕى ئاوى ناحیەى هێروە، ئاو گەیەنرایە گوندى پێشکینە و لە بێ ئاوى رزگارکران.

بەوتەى سەلام عومەر، بەڕێوەبەرى ئاوى راپەڕین کە بۆ 964 قسەى کردووە، پێشتر ئەو گوندە پشتى بەسەرچاوەى ئاوى کانى بەستووە، بەڵام ئەمساڵ سەرچاوەى ئاوەکەیان وشکبووە و ناچار بوون لە تۆڕى ئاوى ناحیەى هێرۆوە ئاوى بۆ رابکێشن.

وەک باسى دەکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، تیمەکانیان لە فەرمانگەى ئاوى هێرۆ، بە درێژى 900 مەتر، بۆرى ئاوى خواردنەوەیان بۆ گوندى پێشکینە تەواوکرد.

گوندەکە لە سنوورى ناحیەى هێرۆى قەزاى پشدەرە و 8 بۆ 10 ماڵ تێیدا نیشتەجێن، ئاوى خواردنەوەیان پشتى بەستووە بە سەرچاوەى ئاوى کانى، بەڵام ئەمساڵ بۆ یەکەمجار سەرچاوەکەیان وشکبووە و بە بۆرى ئاویان بۆ راکێشراوە.

وەک ئەوەى سەلام عومەر باسى دەکات، ئەوە تاکە گوندى سنوورەکەیان نییە کە ئەمساڵ سەرچاوەى ئاوەکەیان وشکى کردبێت، بەڵکو هەریەک لە گوندەکانى بەستە لە سنوورى ژاراوە و دێرێ لە سنوورى سەرکەپکان و دوو گوندى دیکە کە یەکێکیان دەکەوێتە دۆڵەرەقە، بەهەمان شێوە بە بۆرى ئاویان بۆ راکێشاون.