بە کارتی ئەلیکترۆنی موچە وەردەگرن

خانەنشینانی سلێمانی حەسانەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

 چیتر خانەنشینان بەرەبەیانی زوو ناچنەوە بەردەم بانکەکان و سەرە بۆ موچەکانیان ناگرن، ئێستا دەتوانن لەرێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە لەنزیکترین بانک موچەکانیان وەربگرن.

لەمانگی داهاتووە، خانەنشینان دەحەسێنەوە و چیتر لەبەرەبەیانەوە بۆ سەرەگرتن ناچنەوە بەردەم بانک، بەڵکو بەو کارتە ئەلیکترۆنییەی بۆیان کراوە دەتوانن لەنزیکترین بانک موچەکانیان وەربگرن.

تۆڕی964 دەزانێت، 86 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی لەسنووری پارێزگای سلێمانیدان و موچەکانیان لەسەر بانکی مەڵکەندییە.

ئەم مانگە هەزار و 400 خانەنشین بە ئەلیکترۆنی موچەیان وەرگرتووە و کارتی هەموو ئەوانی تریش کراوە و تەنیا کاراکردنیان ماوە.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لەشاری سلێمانی بەتۆڕی964ی راگەیاند: پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچەی خانەنشینان بەردەوامە و لەمانگی داهاتوودا کارتەکانی هەموویان کارا دەکرێت.

دەشڵێت: پێشتر دەبوو خانەنشینان لەچەند نووسینگەیەکی دیاریکراو موچەکانیان رابکێشن، بەڵام لەمەودوا ئەوەش نەماوە و دەتوانن لەنزیکترین شوێنی خۆیانەوە پارەکانیان وەربگرن.