ریشسپى و موختارەکان دژى دەوەستنەوە
مەڵبەندى تەندروستى خەلەکان دەبێتە بنکە
964+
وریا فەتاح
موختار و ریشسپانى خەلەکان بە کۆى دەنگ، دژى گۆڕینى مەڵبەندى تەندروستى خەلەکان بۆ بنکەى تەندورستى دەوەستنەوە و دەڵێن،”قبوڵمان نییە”.
بە واژۆ و مۆرى 14 موختار و ریسپى و گوێ لێگیراوى ناحیەى خەلەکان، کە بە ناوى دانیشتوانى خەلەکانەوە بڕیاریانداوە، دەڵێن، لە چوارچێوەی مافی یاسایی خۆمان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو، ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕین لەسەر بڕیاری گۆڕینی مەڵبەندی تەندروستی خەلەکان بۆ بنکەی تەندروستی”.
ئەوان پێیان وایە، گۆڕینى مەڵبەندى تەندورستى بۆ بنکەى تەندروستى چەند لێکەوتەیەکى هەیە، بەتایبەت کەمکردنەوەى کاتەکانى خزمەتگوزارى لە 24 کاتژمێرییەوە بۆ شەش کاتژمێر.
جگە لەوە، نەبوونى پزیشکى شەوان لە بنکەکە، وەک دەڵێن، ئەمەش وادەکات کاتێک ناچار دەبن نەخۆشەکانیان ببەن بۆ شوێنەکانى تر بەتایبەت بۆ دوکان.
964 لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان قسەى کرد، ئەو وتى،” وەزارەتى تەندروستى لەچوارچێوەى رێکخستنەکانى خۆى بڕیاریداوە بە گۆڕینى مەڵبەندى تەندروستى خەلەکان بە بنکەى تەندروستى کە دەوامیان تا کاتژمێر 1ـى نیوەڕۆیە، بەڵام لەبەرامبەردا بنکەى فریاکەوتنى خێرا 122 دەکاتەوە کە 24 کاتژمێرییە”.
بە وتەى کامەران عەبدوڵا، بڕیارەکە بەهۆى نەبوونى کارمەند و پزیشکى پێویست لە مەڵبەندەکە دەرچووە، بەڵام خەڵکى شارەدێیەکە نیگەرانن و قبوڵیان نییە، هەربۆیە لە مانگى نیساندا بەڕێوەبەرى ناحیە نوسراوێک بەرز دەکاتەوە کە ئەو بڕیارە رابگیرێت.
هەرچەندە بە وتەى کامەران عەبدوڵا، ئەو بنکە فریاکەوتنەى بڕیارە بکرێتەوە 24 کاتژمێرییە و کارمەند و پزیشکى پێویستى بۆ دابینکراوە و بیناى هەیە و دەبێتە جێگرەوە، بەڵام خەڵک قبوڵى نیییە.
“پێموابێت بڕیارەکە راگیراوە و وەکخۆى دەمێنێتەوە لەم قۆناغەدا”، کامەران عەبدوڵاى واى وت.