دانانی تاسەکان - وێنە: هاتوچۆی عەربەت
هاتوچۆ: رووداوی مردن و شێلانمان هەبووە
لە چەند شوێنێکی عەربەت تاسە بۆ شۆفێرە سەریعەکان دانرا
964+
ئەحمەد مستەفا
بە گوێرەی سۆراغی 964، لە چوار ناوچە و دەروازەی عەربەت تاسەی قیر (کەمکەرەوەیی خێرایی) دروست کرا، هاتوچۆی ناحیەکە دەڵێت، چەند حاڵەتێکی شیلان و مردن هەبووە بۆیە دانران.
تاسەکان دەکەونە سەر رێگەی سەیدسادق بۆ عەربەت، هەروەها لە دەروازەی چوون بۆ سلێمانی و هاتنە ناوەوەی ناحیەکە لە قەزای شارەزوورەوە.
ناحیەی عەربەت لە رووی ئیداریی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە و 19 کیلۆمەتر لە ناوەندەکەیەوە دوورە، دەروازەیەکە بۆ چوونی هاوڵاتیان پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی وە ئیدارەی گەرمیان.
هاتوچۆی عەربەت لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێت، پاش ئەوەی چەند رووداوێکی نەخوازراو لە ناو ناحیەی عەربەت لەجۆری شێلان و مردن و پێکدادان روویاندا، لە رێگەی بنکەی هاتوچۆی عەربەتەوە نوسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلیمانی کرا.
بۆ دانانی تاسەکان بڕی زیاتر لە 24 ملیۆن دینار خەرجکراوە، هاتوچۆی ناحیەکە دەڵێت، پاش هاتنی تیمی ئەندازیاری هاتوچۆی سلیمانی، رەزامەندی دراوە بە دروستکردنی چەند کەم کەرەوەیەکی خێرایی لەجۆری (تاسەی قیر) بەشیوەی ئەندازەیی لەو شوینانەی کە پێویستن دانراون.
بە تایبەت، شوێنی پەڕینەوەی هاوڵاتییان و خوێندکارانن، لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، بەهۆکاری ئەوەی ناوچەی نیشتەجێ بوونمان چڕە، هاتوچۆ هیوای سەلامەتی بۆ دانیشتووانی ناحیەکە خواستووە، داوای پابەندبوونی شۆفێرانی کردووە بە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆوە.
