لەمەودوا دەربەندییەکان رۆژانە سێ کاتژمێر خۆیان پیشان دەدەن
+964
هونەر فارس – دەربەندیخان
دوای 15 رۆژ لە مانگرتنی هێمنانەی خەڵکی دەربەندیخان، ئەمڕۆ چوارشەممە کاتی مانگرتنەکە کەمکرایەوە بۆ سێ کاتژمێری رۆژانە، بە وتەی رێکخەرەکانی.
دوای چەند بەڵێنێک بە مانگرتووانی قەزای دەربەندیخان بۆ زیادکردنی دوو کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی و خەرجکرنی پارە بۆ کۆمپانیای پاککردنەوەی ئاوی خوادنەوە و نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی قەزاکە، مانگرتووان کاتی مانگرتنەکەیان کەمکردەوە بۆ سێ کاتژمێر و رۆژانە لە کاتژمێر 2 بۆ 5ی ئێوارە لەسەر شەقام دەبن.
ئاسۆ عەلی بەشداربووی مانگرتنەکە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، کەمکردنەوەی کاتی مانگرتنەکە پەیوەندی بەو بەڵێنانەوە هەیە کە بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی بە دانیشتوانی قەزای دەربەندیخان دراوە.
خۆپیشاندەران مۆڵەتی 15 رۆژیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە بە لایەنی پەیوەندیدار داوە، دەڵێن دوای تەواوبوونی وادەکەیان لە ئەگەری ئەنجامنەدانی پڕۆژەکان جارێکی دیکە بەهەمان شێوەی پێشوو بە شەو و بە رۆژ لە شەقام دەبن.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبای قەزاکە و رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردران کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.
قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵکەکەی بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوە و بێکارەباییەوە دەناڵێنن، بە قسەی خۆیان.