ژمارەیەک پزیشکى تر لە رێگەن
پزیشکان لە سلێمانی؛ داوای دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە دەکەن
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1.6.2025، لە شاری سلێمانی دوو گرووپ پزیشک گردبوونەوە؛ پزیشکانی دانەمەزراو داوای دامەزراندن دەکەن و پزیشکانی نیشتەجێی خولاویش داوای پلەبەرزکردنەوە.
پزیشکانی دانەمەزراو چاوەڕوانی دامەزراندن، ئەو پزیشکانەی کە ساڵانێکی زۆریان لە خوێندنی سەختدا بەسەربردووە و هێشتا دانەمەزراون، ئەمڕۆ هاتنە سەر شەقام.
ژمارەیان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان 788 پزیشکی دانەمەزراوە.
بەپێی وتەی خۆیان، دوای دوو هەفتەی تر و بە دەرچوونی پۆلێکی نوێی پزیشکان، ژمارەیان بۆ 1500 پزیشکی دانەمەزراو بەرزدەبێتەوە.
داواکاریی سەرەکییان دامەزراندنە تا بتوانن “کەلێنێک پڕبکەنەوە و خزمەت بکەن”.
هەرچى پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە چاوەڕوانی پلەبەرزکردنەوەن، ئەم پزیشکانە دامەزراون و وەک خۆیان باسی دەکەن، “ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە و ماوەی دوو ساڵیان تەواو کردووە و لە نەخۆشخانەکانی ناوشار و دەرەوەی شار خزمەتیان کردووە”.
ئەوان چاوەڕێی دامەزراندنی پزیشکە نوێیەکان دەکەن، چونکە پلەبەرزکردنەوەی ئەمان بەستراوەتەوە بە پڕکردنەوەی شوێنەکانیان لەلایەن پزیشکانی نوێوە، و داوا دەکەن ئەم پرۆسەیە چیتر دوانەکەوێت.
داواکارى هەردوولایان پەیوەندى بەیەکەوەیە، بەبێ دامەزراندنى دانەمەزراوان پزیشکانى نیشتەجێى خولاو پلەکانیان بەرز ناکرێتەوە، هەربۆیە هەردوو لایەن داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح