دیمەنێك لە تۆپبارانی سوپای توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان - فۆتۆ: 964
لە سنووری ئامێدی
ئەم هەفتەیە تورکیا بەس تۆپبارانی کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
سوپای تورکیا، هێرشەکانی بۆ سنوری قەزای ئامێدی و ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان نەوەستاندووە، تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوو 128 هێرشی لەو ناوچانە ئەنجامداوە و سەرجەمی تۆپباران بووە.
تەنیا، لە رۆژی 24.5.20225، سوپای تورکیا 83 جار هێرشی کردووەتە سەر چیای نزارکێ، لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی.
تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو رۆژێک لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە.
کامەران عوسمان، بەڕێوەبەری دێسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی بە 964ی وت، لە هەمان کاتدا، بە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، سوپای تورکیا 45 جار تۆپبارانی گوندەکانی بەری گارێ-ی لە سنوری ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی کردووە.
بەو پێیەش بێت، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 128 هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە.
بە گوێرەی داتاکانی ئەو رێکخراوە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپباران و هێرشەکان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی.