لە سلێمانی

بە خۆبەخشی تیمێک کونی دڵی 43 منداڵیان داخست

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لەماوەی سێ رۆژدا، تیمێكی پزیشكی هاوبەش لە سلێمانی، 43 نەشتەرگەری قەستەرەی زگماگی دڵی بۆ منداڵان كرد و سەرجەم كاری تیمەكەش خۆبەخشی بووە.

نەشتەرگەرییەكە بەجۆرێكە، جیاوازە لە قەستەرەی دڵی گەوران و پێویستی بەشەبەكە و باڵۆن نییە، بەڵكو ئەو منداڵانە كون لە سكۆڵە یان گوێچكەڵەی دڵیان هەیە، بە سەدادەیەك كونی دڵیان دادەخرێت.

لەبارەی كاری تیمەكەوە، د. كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان و ئەندامی تیمەكە بە 964ی وت، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بەتیمێكی پزیشكی گەورە لە نەخۆشخانەی های كوالێتی “ئەنوەر شێخە”، توانیمان نەشتەرگەریی قەستەرەی زگماگی دڵ بەسەركەوتوویی بۆ ژمارەیەك منداڵ كە تەمەنیان لە سێ رۆژەوە دەستپێدەكات، تا 15 ساڵی و حەوت كەسی بەتەمەن بكەین كە لەمنداڵییەوە دڵیان كون بووە و پێیان نەزانیووە.

تیمە پزیشكییەكە لە 20 كەس و دوو تیمی سلێمانی و بەغداد پێكهاتبوون و سەرجەم كارەكانی هەردوو تیمەكە و نەخۆشخانەكەش خۆبەخشی بووە، تێچووی دەرمان و مەوادی نەشتەرگەرییەكەش رێکخراوی منداڵپارێزی كوردستان لە ئەستۆی گرتووە.

بە قسەی دکتۆر كۆیان زاهیر، تێچووی ئەم جۆرە قەستەرانە گرانە و لە بەشێك لە نەخۆشخانەكان دەگاتە سەرووی شەش ملیۆن دینار، ساڵانی پێشوو نەشتەرگەری دڵ و كرانەوەی سنگ بۆ ئەو منداڵانە دەكرا، كە زگماگ دڵییان كون بوو، بەڵام ئێستا بە قەستەرەی دڵ كونی دڵیان بۆ دادەخرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە سلێمانی تاساڵی 2027 نۆرە بۆ قەستەرەی دڵ گیراوە

لە سلێمانی تاساڵی 2027 نۆرە بۆ قەستەرەی دڵ گیراوە