دابەشکردنی نەوت گەیشتە دەوروبەری شارەکان
+964
فەرمان سادق
دابەشکردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەکان کۆتایی هات و لەدەوروبەری شارەکان دەستی پیکرد.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، دابەشکردنی نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکان کۆتایی هاتووە و زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 321 هەزار و 138 خێزان دابەش کراوە.
هەر لەراگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەنگاوی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لەناوچەکانی دەوروبەر دەستی پێ کردووە.
“تائێستا نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەسەر زیاتر لە هەشت هەزار و 500 خێزان دابەشکراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.”
لەناوچە شاخاوییەکان زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 321 هەزار و 138 خێزان دابەش کراوە
پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2022ـ دەستی پێکرد، ئەگەرچی پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو کە دابەشکردنی نەوتی سپی لەمانگی کانونی دووەم دەگاتە دەوروبەری شارەکان، بەڵام ئێستا مانگی شوباتە، واتە زیاتر لەدوو مانگ دواکەوتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو کە دابەشکردنی نەوت بەپشتگیری حکومەت دەبێت، بۆ دەوروبەری شارەکان نرخی هەر بەرمیلێک نەوت کە 220 لیترە، بە 105 هەزار دینار دەدرێتە خەڵک.