دۆناڵد ترەمپ

”باسی خوێندکارەکانی زانکۆی هارڤاردم بۆ مەکەن، ئەوان نازانن 2+2 دەکاتە چەند”

+964

ژووری هەواڵ

”باسی خوێندکارەکانی زانکۆی هارڤاردم بۆ مەکەن، ئەوان نازانن 2+2 دەکاتە چەند” ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە لەسەر یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەمریکا.
ترەمپ هەفتەیەک زیاترە زانکۆی دێرینی هارڤاردی لە پەلوپۆ خستووە، وردە وردە سەرچاوە داراییەکەی وشک دەکات و کۆت و بەندی نوێی بەسەردا دەسەپێنێت.
ترەمپ پێی وایە هارڤارد و بەشێک لەو زانکۆیانەی لە دیموکراتەکانەوە نزیکن هیچ کارێکیان نییە تەنیا پارە بۆ دیموکراتەکان کۆ دەکەنەوە، ئەوان هەموو کارئاسانییەک دەکەن بۆ ئەوەی کوڕو کچی خواپێداوو دەوڵەمەند و مەسولی وڵاتە دەوڵەمەندەکان پارە بدەن و بچن لەوێ بخوێنن.
ترەمپ ئەم کارەی بە چەند قۆناغێک دەست پێکردووە، سەرەتا بڕیاریدا بڕی سێ ملیار دۆلار کۆمەکی فیدراڵی بۆ زانکۆکە رابگرێت، دوای ئەوە لێی قەدەغەکردن خوێندکاری بیانی بۆ ئەمساڵ تۆمار بکەن، لە دوا قۆناغیشدا وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە چاوپێکەوتنی ڤیزا بۆ هیچ کەسێک دانەنێن کە بەنیازن بۆ خوێندن لەو زانکۆیانە بچنە ئەمریکا.
زانکۆی هارڤارد کە لە دێرینترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەمریکاو جیهانە، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری بیانی تیایدا دەخوێنن، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە هەموو جیهانەوە 6800 خوێندکاری بیانی لەو زانکۆیە تۆمارکراون، ئەمەش 27% هەموو خوێندکارانی زانکۆکە پێکدەهێنێت.
ترەمپ هەر بەوەوە ناوەستێت خوێندکاری نوێ وەرنەگیرێن، بەڵکو دەڵێ دەبێ خوێندکارەکانی ئێستاش بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
وەک دەڵێن ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت، چونکە هارڤارد لە دادگا دژی ئەو رێوشوێنانەی ترەمپ داوای تۆمار کردووە، نازاندرێت دواجار کێیان براوە دەبن.