نەوتەکە گرانەو کەس نایەوێت

دەرکەوت بۆچی نەوت لەعەمبارەکانی سلمانیدا ماوەتەوە
 میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر

ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند کە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەکۆگانی سلێمانی هەیە، بەڵام دابەش ناکرێت، میدیازان هۆکارەکەی ساغ کردەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خەتای دابەشنەکردنی ئەو نەوتەی خستبووە ئەستۆی یەکە ئیدارییەکان کە ئەوان نەوتەکایان لەعەمبارەکان هێشتووەتەوەو دابەشی ناکەن، بەڵام بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانیش بیانووی خۆیان هەیەو دەڵێن خەڵک بەو پارەیە ناوتەکەی ناوێت، چی لێبکەین؟

“خەڵك نەوتەكەی ناوێت”

 دلێر زەینەدین جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ میدیازانی پشت راست کردەوەو وتی ‘بەڵێ هەشت ملیۆن لیتر نەوتمان پێگەیشتووە، بەڵام قایمقامەکان لێمان وەرناگرن’.

قایمقامەکانی پارێزگای سلێمانی هۆکاری خۆیان هەیە بۆ وەرنەگرتنی ئەو نەوتەو دەڵێن خەڵک نایەوێت، چونکە نرخەکەی گرانە.

“كۆگاكانی حكومەت پڕن لە نەوت”

ئەو نەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ خەڵکی دابین دەکات هەر بەرمیلێکی بە ١٠٣ هەزار دینارە، خەڵکیش ئەم نرخەیان پێ زۆرە، چونکە پار نەوتەکەی حکومەت بە ٥٥ هازار دینار بوو.

“هەربەرمیلێك بە ١٠٣ هەزار دینار دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان”

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی وتی ‘ ئێمە ناتوانین بە زۆر نەوت بدەین بە قایمقامەكان و نەوت بەزۆر دابەش بكەین،لە رووی ئیداریەوە تەنیا ئەوەندەمان لەسەرە ئاگاداریان بكەین كە نەوتەكە وەرگرن، ئەوان كە وەریناگرن هەڵەی ئێمە نییە’