دیمەنێك یەكێك لە مەشقی سەربازانی عێراقی
پەرلەمان هاتە سەر خەت
لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ هۆكاری گیانلەدەستدانی دوو خوێندكاری كۆلیژی سەربازی پێكهێنرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق تیمێکی لێكۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوون لە گیانلەدەستدانی دوو خوێندکاری كۆلیژی سەربازی چوارەم لە زیقار پێكهێنا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025 لە راگەیاندراوێكدا، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، ئاماژە بەوە دەكەن، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان تیمێکی بەدواداچوونی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ هۆكاری گیانلەدەستدانی دوو خوێندکار و ئەو كێشە تەندروستییانەی کە تووشی خوێندكارانی دیکە بووە لە کۆلیژی سەربازی چوارەم لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق.
ئاماژە بەوەش دەكەن، ئامانجی لیژنەكە دیاریکردنی بارودۆخ و پێشنیارکردنە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی خوێندکاران لە داهاتوودا.
لیژنەكە لە چوار كەس پێكهاتوون بە سەرۆكایەتی پەرلەمانتار کەریم عەلیوی ئەلمحەمەداوی، سەرۆکی لیژنەکە.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەداوە، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پەیوەست بە رووداوەکان و راپۆرتێکی ورد کە راسپاردەی پێویست لەخۆدەگرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی خوێندكاران و باشترکردنی بارودۆخی مەشق و راهێنانیان لەناو دامەزراوە سەربازییەکاندا.
ڕۆژی سێشەممە، زیاتر لە 100 خوێندکاری پۆلی 89، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ماندووبوونی جەستەیی لە کاتی پێشوازیکردندا، تووشی بێهۆشبوون و ماندوویەتییەکی زۆر بوون. دوو خوێندکار گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەكی دیكەشیان بۆ چارەسەری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیر و سەختە.
هەر بە هۆی ئەم رووداوە، وەزیری بەرگریی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی عەمیدی كولیژی سەربازیی چوارەم و چەند بەرپرسێكی دیكەی كۆلیژەكەی دا.