ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. فۆتۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان
"کێشەی یاساییان نییە"
سامانە سروشتییەکان: گرێبەستە 100 ملیارییەکان نوێ نین
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی گرێبەستە 100 ملیار دۆلارییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نوێ نین و پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییاندا ناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی “هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە” و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی رێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە رێکەوتننامەکان.
“هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین”، وەزارەتەکە وا دەڵێت.
ئەوەش هاتووە، ئامانج لەو رێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە.
دەشڵێت: ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە، چونکە نەوت موڵکی سەرجەم عێراقییەکانە و هەر وەبەرهێنانێک لەو سامانەدا بکرێت دەبێت لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت.