لە قەڵادزێ

وشکە ساڵی ئەمساڵ مەترسی نەبوونی ئاوی خواردنەوەی دروستکردووە

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

نەبوونی بارانی پێویست و گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، گرفتی نەبوونی ئاوی بۆدانیشتووانی قەڵادزێ دروستکردووە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێش دەڵێت، “لە ئێستاوە سەرچاوەی ئاوی هەڵشۆ %60 زیاتر کەمیکردووە”.

مارف محمود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، ئەمڕۆ هەینی 16.5.2025، بە964ـی وت، “ئەمساڵ دانیشتووانی قەڵادزێ بەدۆخێکی سەختی بێئاویدا تێدەپەڕن، لەبەر ئەوەی بارانی پێویست نەباریوە و کانیاوەکانیش نەبووژاونەتەوە بەرەو وشکبوون دەچن، لەلایەکی ترەوە وڵاتی ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتووەتەوە لە ررێگەی بەنداوی کۆڵەسەوە هیچ ئاوێک لەئێرانەوە ناڕژێتە کوردستانەوە.

وتیشی، بەراورد بەساڵانی رابردوو بەڕێژەیەکی زۆر ئاو کەمیکردووە، لەکاتی کەمئاوی زێی بچوک بۆ پڕۆژەی خاس، سوودمان لە سەرچاوەی ئاوی هەڵشۆ دەبینی، لە رێگەی حەوزی گردی حەسارەوە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەڵام ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لە %60 زیاتر کەمی کردووە، ماوەیەکی تر ئەو گرنگیەی نامێنێت.

“فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، پلانی تازەیان هەیە بۆ ئەم هاوینە سەختەی لەبەر دەمیانە، کە شێوازی پێدانی ئاو بۆشارەکە دەگۆڕن و کاتژمێرەکانی کار کردنی کرێکارانی پڕۆژەکە زیاد دەکەن، بەجۆرێک ئەگەر ساڵانی پێشوو 14 کاتژمێر کرین کردبێت، ئەمساڵ زیاتر لە 20 کاتژمێر دەبێت لەکاردابن بۆ خەزنکردنی ئەو بڕە ئاوەی کە پێویسته بۆدانیشتووانی قەڵادزی”، مارف محموود وای وت.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، بە پێویستی دەزانێت بەنداوی دەڵەگە دروست بکرێت، کە زیاتر لە 12ساڵە بڕیاری درستکردنی دراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە بڕوای ئەو دروستکردنی بەنداوەکە گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و حەوزەکانی ماسی لەناوچەکە چارەسەر دەکا.

زێی بچوک نزیکەی 400 کیلۆ مەتر بە خاکی باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە گوندی هەرزنە لە قەزای پشدەر دەڕژێتە هەرێمی کوردستانەوە، جگە لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و سلێمانی، سەدان حەوزی ماسی و هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیشی بەراو کردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

پێنجوێن پێویستی بە 650 ملم بارانە بۆ دەربازبوون لە وشکەس...

پێنجوێن پێویستی بە 650 ملم بارانە بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی