پیاوێکى بێ دەرەتانى کەرکوک
شوێنى حەوانەوەى نییە و لە ناو پارک دەخەوێت
964+
كاروان ساڵحی ـ كەركوك
پیاوێکى تەمەن 63 ساڵى کەرکوک، هەرچەند وەکخۆى دەڵێت شەش براو چوار خوشکى هەیە، بەڵام لە هیچ شوێنێک حەوانەوەى نییە و لە پارک و شوێنە گشتییەکان دەخەوێت. بەڕێوەبەرى خانەى بەساڵاچوانى کەرکوکیش دەڵێت: بارودۆخى دەروونى باش نییە و لەیەک شوێن ناحەوێتەوە.
بەهانام وەرن دوو رۆژى دیکە هاوینە نازانم لەکوێ بخەوم
هەجار عزەت هاوڵاتییەکى تەمەن 63 ساڵى کەرکوکە، 45 شەوە لە پارکێکى نزیک شارەوانى دەخەوێت، ئەو کە بەهۆى کەوتنەوە لاچاوى شین و مۆر بووەتەوە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”هاوسەرگیرم نەکردووە، هیچ کارێک نازانم، پێشتر بۆ ماوەى 10 ساڵ وەک کارگوزارى هۆتێلەکان کارم کردووە، بەڵام ئێستا توانام نەماوە”.
وەک باسى دەکات، نە کەس ئیشى دەداتێ و نە کەس شوێنى مانەوە، بۆیە 45 رۆژە لە پارکێکى نزیک شارەوانى کەرکوک دەخەوێت.
نە تەوالێتى هەیە و نە شوێنى خۆشۆردن، ژیانم زۆر سەختە
هەرچەندە هەجار شەش براو چوار خوشکى هەیە و بچوکى هەموویانە، بەڵام وەک باسى دەکات، کە دەڕواتە ماڵى خوشک و براکانى دوو بۆ سێ رۆژ دەمێنێتەوە و “شەڕى لەگەڵ دەکەن” و ماڵەکە جێدەهێڵێت و ئامادەنین بیگرنەخۆیان.
964 کێشەى ئەو هاوڵاتییەى خستە بەردەم خێروڵا ئەسكەندر بەرێوەبەری خانەی بەساڵاچوانى کەرکوک، ئەو باسى کرد ئەو هاوڵاتییە پێشتر چوار جار هاتووە بۆ لایان، بەڵام وەک دەڵێت: بارودۆخى دەروونى باش نییە، هەرجارێک هاتووە چەند رۆژێک ماوەتەوە و رۆشتووە، شەوان دەیکرد بە هەرا و هاتوهاوار، لەگەڵ بەساڵاچوانى دیکە دەیکرد بە ناکۆکى.
“لە ئێستادا بینای سەرەكیمان نۆژەندەكرێتەوە و لە ناو بینایەكی بەخێوكردنی بچوك دەوام دەكەین و نزیكەی 17 ژن و پیاوی بەساڵاچوو لامان هەیە، بەردەوام كێشە لە نێوانیان هەیە لە سەر شوێنی خۆشۆرین و سەر ئاو، چونكە هەمویان تەمەنیان هەیە و سەبر تەحمولیان نەماوە، دواتر هەجار دەبێت بچێتە خانەی پەكکەوتوان و بەخێو بكرێت و رۆژانە بیگۆرن و بیشۆرن ودایبی بۆ دابنێن و چاودێری هەبێت ئێمە ئەوەمان نیە بۆی”، خێروڵا ئەسکەندەر واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح