دووبەرەكی لە نێوان نەتەوەكان دروستكردووە

نوێنەرانی كورد ئیمزا لەسەر سزادانی جووتیارە كوردەكە دەكەن

964+

محەمەد فاتیح

لە كاتێكدا تاوەكو ئێستا كێشەی داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای كەركوك یەكلایی نەبووەتەوە، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوای تۆماركردنی سكاڵا دەكات دژ بە جووتیارێكی كورد و نوێنەرانی كوردیش رەزامەندی خۆیان لەسەر بڕیارەكە دەردەبڕن.

بەپێی نووسراوێك حەمید نەعیم غزی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق داوا دەكات سكاڵا دژ بە محەمەد ئەمین جووتیارە كوردەكە تۆمار بكرێت كە بە ملپێچەكەی راكێشرا بە بیانوی ئەوەی لە گوندی شناغەی كەركوك كێشە و دووبەرەكی لە نێوان نەتەوەكان دروستكردووە و خەڵكی هانداوە و بە خراپی هەڵسوكەوتی لە گەڵ هێزە ئەمنییەكان كردووە لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان.

داواشیكردووە پارێزگای كەركوك لە رێگەی فەرمانگە خزمەتگوزاری و رۆژنامەوانییەكانی هاوڵاتیان ئاڕاستە بكات و تێیان بگەیەنێت كە بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەكان پێویستی بە پێكهێنانی لیژنە و كات هەیە بۆ جێبەجێكردنی بە هەماهەنگی لە نێوان پارێزگا و سەركردایەتی پڕۆسەكانی كەركوك بۆ رێگریكردن لە هەرچ پێكدادانێك و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژ بە هەرچ كەسێك زەرەر بە ئاسایش بگەیەنێت و دوورخستنەوەی هێزە ئەمنیەكان لەو پرسانەی ئەو لایەن نییە تێیدا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە وەك بڵاوكراوەتەوە نووسراوەكە لەلایەن لیوا عەبدولخالق تەڵعەت و عەمید روكن عادل جەبار هەردوو نوێنەری هەرێمی كوردستانەوە ئیمزا كراوە.

5.5.2025 بەشدار حەسەن پارێزەری جووتیارە کوردەکە وتى، “وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی سکاڵای دژی محەممەد ئەمین تۆمار کردووە، بە بیانووی ئەوەی بەردیان گرتووەتە سەربازان و سووکایەتییان بە سوپا کردووە.

لە 17.2.2025 سەربازێكی عێراقی پەلاماری جووتیارێکى دا بە ناوی محەمەممەد ئەمین لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک و بە ملپێچەکەی خۆی لەسەر تراکتۆرەکەی بە توندی راييکێشا.