سۆران عومەر: بەغدا 272 ملیار و 26 ملیۆن دیناری گەنمی جوتیارانی نارد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق بڕی 272 ملیار و 26 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت پارەکەی شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، “272 ملیار و 26 ملیۆن دینار، پارەی قەرزی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2015 و 2016 دوای هەوڵێکی زۆر سەرفکراو خرایە سەر حسابی هەرێمی کوردستان”.

بیانووی حکومەتی عێراق بۆ نەدانی پارەکە ئەوە بوو کە گوایە جوتیارانی هەرێمی ‏كوردستان زیاتر لە پشكی 17% گەنمیان ‏رادەستی حكومەتی عێراق ‏كردووە.

پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بۆ ساڵی 2014 کە 37 ملیار دینار بوو، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خه‌رجكرا‌.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ تا ئێستا، هه‌موو پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران دراوه‌ و له‌و دوو ساڵه‌ زیاتر هیچ پاره‌یه‌كی گه‌نمى جوتیارانى كورد لای حكومه‌تى عێراق نه‌مابوو.