چاڵى گەورەى تێدا دروستبووە
هەورازە نەفتە بووە بە مۆتەکەى شۆفێران
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
نزیکەی مانگێکە چەند چاڵوچۆڵییەک لە رێگەی کۆیە – هەولێر نزیک گوندی باخچەی گەورە کە شۆفێران پێی دەڵێن هەورازە نەفتە دروست بووە، ئەمەش کێشەیەکی زۆری بۆ ئۆتۆمبێلەکانی رێگەکە دروست کردووە، وەک شۆفێران دەڵێن: وریا نەبین تووش دەبین.
پەیامنێری 964 سەردانی مەیدانی بۆ شوێنی چاڵوچۆڵییەکان ئەنجام داوە، بەپێى دیمەنەکان دەبینیت شۆفێرێکى زۆر لە ترسى چاڵوچۆڵییەکە بە تەواوى خاویان کردووەتەوە و چواریان پێکردووە.
پێشەنگ فەتاح، یەکێکە لە شۆفێرانی ئەو رێگەیە، بە 964ـی وت،”من هەموو هەفتەیەک بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەم، هەفتەی رابردوو خۆم لەو چاڵییە تایبەکەم تەقى و کەیسى مەکینەکەشم زیانى بەرکەوت، هەر من نا هاوڕێیەکیشم لە هەمان شوێن تایەى ئۆتۆمبێلەکەى تەقى لەماوەى رابردوودا، بۆیە ئەگەر لەپڕ بکەویت بەسەر چاڵییەکەدا کە لەو رێگەیە دروستبوو حەتمەن توشى زیان دەبیت”.
رێگاکە بەو پێیەى کۆیە و سلێمانى لەلایەک و ئیدارەى راپەڕین لەلایەکى ترەوە بە هەولێر دەبەستێتەوە، بەردەوام قەرەباڵغ، بەڵام یەکسایدى و خراپى رێگەکە مەترسى بۆ شۆفێران دروستکردووە.
هەرچەندە ناوەناوە رێگەکە نۆژەن دەکرێتەوە و دواترینیان ساڵى پار بوو، بەڵام وەک شۆفێران دەڵێن، “ئەوە پێویستى بە چارەسەرى یەکجارەکى هەیە نەک پینەکردن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح