نەخۆشخانەی کۆیە رێکار و رێنمایی نوێی گرتەبەر

“تووشبووەکەی تای خوێنبەربوون قەساب نییە و چێودارە”

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان لە قەزای کۆیە تۆمار کرا، دەرکەوت ئەو تووشبووە پێشتر کاری قەسابی نەکردووە، بەڵکو چێودارە و کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە و لە رێگەی کارەکەیەوە نەخۆشییەکەی بۆ گواستراوەتەوە.

وەزارەتى تەندروستى:

توشبووەکەى کۆیە گۆشتفرۆشە

وتەبێژ بۆ 964: یەکەم حاڵەتی تای خوێن بەربوونمان لە هەرێم ...

وتەبێژ بۆ 964: یەکەم حاڵەتی تای خوێن بەربوونمان لە هەرێم تۆمارکرد

د. ئازاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید بە 964ـی وت، “ئەو هاوڵاتیەی تووشی تای خوێنبەرببوون بووە پێشتر کاری قەسابی نەکردووە، بەڵکو کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کردووە و لەو رێگەیەوە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، وا دیارە لە یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە نەخۆشییەکەی هەبووە بۆی گواستراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تووشبووەکە رۆژی چوارشەممە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، دوای ئەوەی دەرکەوت زۆربەی نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی تێدایە، پشکنینی خوێنی لێوەرگیراوە و رەوانەی بەغدا کراوە، لەوێ پشتڕاستکراوەتەوە کە تووشی نەخۆشییەکە بووە، ئێستاش لە نەخۆشخانەیەکی هەولێرە و چارەسەری پزیشکی پێویستی بۆ کراوە.

سەبارەت بە رێکار و رێنماییە نوێ، د، ئازاد فەتاح وتی، “ئێمە وەکو نەخۆشخانەی کۆیە هۆبەیەکی نوێمان لە بەشی هەناویی نەخۆشخانە کردووەتەوە و پزیشک و کارمەندمان لەوێ داناوە, وەکو ئامادەکاری بۆ ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی ئەو نەخۆشییەیان هەبوو، بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوەتی و دەرمانی پێویست وەربگرن”.

“بۆ پاراستن و دووربوون لە تای خوێنبەربوون، لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید، هەموو رێکارێکی خۆپارێزی گیراوەتەبەر، هەر لە پاقژکردنی تەواوی بەشەکانی نەخۆشخانە و ئەو کەلوپەلانەی کە لەلایەن پزیشک و کارمەندەکانەوە بەکاردێن”، د. ئازاد وای وت.

ئەمڕۆ هەینی 2.5.2025 لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتى تەندروستى هەرێم تووشبوونى ئەو کەسەى بە تاى خوێنبەربوون راگەیاند و تێیدا ئەوەى خستبووەڕوو کە تووشبووەکە پیشەى گۆشتفرۆش بووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

تەندروستیی رێکاری نوێ بۆ تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر

تەندروستیی رێکاری نوێ بۆ تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر