سەرچاوەیەکى ئاوە
سەراوى سوبحان ئاغا چۆڕەبڕ بوو
964+
بڕوا مەجید _سەیدسادق
سێ مەتر قوڵە، ئەمە ئەو رستەیەیە لەسەر دیوارێکى تەنیشتى سەراوى سوبحان ئاغاى سەیدسادق نوسراوە و وەک هۆشدارى بەو کەسانە دراوە کە لەو شوێنە مەلە دەکەن، بەڵام ئەوە بۆ پێشتر بوو، چونکە ئێستا چۆڕەبڕ بووە و وشکى کردوە.
لە قەزاى سەیدسادق سێ سەرچاوەى ئاو هەن، یەکێکیان سەرچاوەى ئاوى حەسارە و دوو سەرچاوەکەى تر لە گوندى سوبحاناغان، سەرچاوەى یەکەم لە نزیک شاخەکەیە و پێى دەوترێت سەراوى سوبحان ئاغا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى کەمبارانى خەریکە بە تەواوەتى وشک دەبێت.
سۆران عەبدوڵا، لێپرسراوى فەرمانگەى ئاوى سەیدسادق بە 964ـى وت،”ئاوەکە بۆ خواردنەوە بەکارنایەنن، تەنیا جوتیاران سوودى لێدەبینن، بۆ کشتوکاڵ و حەوزى ماسى بۆیە مەترسى لەسەر ئاوى خواردنەوەى ماڵان دروستنەکردوە”.
سەراوى سوبحان ئاغا لە هاوینان و وەزرى گەرما ببوە مەلەوانگەى گەنجانى سنوورەکە و خەڵکێکى زۆر بۆ مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە روویان لێدەکرد، بەڵام کەمبارانى ئاوى سەرچاوەکەى بەشێوەیەک کەمکردووە کە خەریکە وشکى دەکات.
هەرچەندە پار و پێرا و ساڵانى رابردوو نزیک بە سێ مەتر ئاوى تێدابوو، بەڵام ئەمساڵ نەک سێ مەتر بەڵکو 30 سانتیمەتریشى تێدانەماوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح