دیمەنی یەکێک لە دەروازەکانی عەلوەی سلێمانی - وێنە: 964
پیاز و شوتی نزيكن له قەدەغەکردن
“بەرهەمی ناوخۆ پێ رانەگات قەدەغەی هاوردە نرخ بەرزدەکاتەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
رۆزنامەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان وا دانراوە، ئەمساڵی 2025 لە بەرامبەر پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ، لە 1ی ئایار هاوردەکردنی پیاز و لە 15ی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بکرێ لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستان.
ئێستا لە بازاڕ تەنیا، تەڕەپیاز ی خۆماڵی هەیە، ئەوەی هەیە شوتی لە وڵاتی ئێران و پیاز لە نەجەف و کەربەلاوە دەهێنرێتە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان.
سەندیکای کشتوکاڵی عەلوە لە سلێمانی کە بۆ 964 قسەیان کردووە پێیان وایە، ئێستا کە هەردوو بەرهەمەکە لە بازاڕدا هەیە دۆخی بەرز و نزمی نرخەکانیان تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام لە پاش قەدەغە هاوردە، ئەگەر بەرهەمی ناوخۆی پێ رانەگات، کاریگەری دەبێ و نرخ بەرزدەبێتەوە، هەروەک بەرهەمی شوتی و پیاز کەم دەکات.
ئەمڕۆ 29.4.2025 قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ هاوردەی پیاز و شوتی قەدەغە دەکرێ، هەروەها بڕیاردراوە لە ماوەیەکی کەمدا زیادەڕەوییەکانی ناو عەلوەی سلێمانی بەتەواوی لاببرێن و رێگە نەدەن هیچ میوە یان سەوزەیەکی ناتەندروست ببرێتە بازاڕەوە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی وت، ئێستا بە نرخی کۆ شوتی ئێرانی لە عەلوەی سلێمانی لە خوار 450 دینار و پیازی ناوخۆی عێراق بە 250 بۆ 300 دینار بەردەستە، راستە رۆزنامەی کوردستان قەدەغەی بەرهەمەکەی دیاری کردووە، بەڵام رەنگە شوتی پێگەشتنی دوا بکەوێ.
ئەو وتی، ئەوە هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی لە بازاڕدا، دەبێت لەو حاڵەتە تا پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆ هاوردە بەردەوام بێت، کە باوەڕناکەین ئەو بڕیارەش بدرێ، وەک ئەو باسی کرد، ئەوان باوەڕ ناکەن بۆ 1.6.2025 بەرهەمی ناوخۆی شوتی هێندە زۆر ببێت کە خواستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.
بەگوێرەی داتایەکی وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵی رابردوو لە هەولێر پلاندانرابوو، پێنج هەزار و 472 دۆنم زەوی بە شووتی دابچێنین، بەڵام بەهۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵییەوە چوار هەزار و 824 دۆنم كرا، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رووبەری 30 – 40 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆك پێنج هەزار و 331 دۆنم زەویی و بە شووتی داچێنرابوو.