نزیکەى 400 ملیۆن دینارە
نەورۆز و زاخۆ باجى شەڕەکەی نێوانیان دا
964+
وریا فەتاح
لە رووکەشدا هەردوو یانەى نەورۆز و زاخۆ یەکى بە 25 ملیۆ دینار سزادراون، بەڵام بەپێى بەدواداچوونى 964 سزاکان زۆر گەورەترن و بە هەردووکیان نزیک دەبیتەوە 400 ملیۆن دینار.
دواى ئەوەى لە یاریى یانەى نەورۆز و زاخۆ کە لەسەر یاریگاى نەورۆز بەڕێوەچوو، هاندەرانى هەردوولا کردیان بە شەڕ، ئەمڕۆ لیژنەی رێككاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق، بڕیاری توندی دەركرد و زۆر بە قورسی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆی سزا.
یەکێک لە بڕیارەکان، پێبژاردنى هەردوو یانەیە بە 25 ملیۆن دینار، واتا هەردوو یانە 50 ملیۆن دینار سزا دەدەن، ئەوە جگە لەوەى سەرجەم یارییەکانى ئەم وەرزە بەبێ هاندەر ئەنجام دەدەن.
964 ویستى بزانێت هەردوو یانە بەهۆى ئەم بڕیارانەوە چ زیانێکى داراییان بەردەکەوێت، سەرەتا لەگەڵ نەوا لەتیف بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز قسەى کرد، ئەو وتى،”ئێمە بۆ هەر یارییەک 13 هەزار کورسیمان هەیە، لەو ژمارەیە 11 هەزار و 500 بلیتى سێ هەزارى بووە و 1500 کورسى بلیتى 15 هەزارى بووە”.
بەپێى زەڕب و تەقسیمى ئەو ژمارانە بێت، یانەى نەورۆز بۆ هەر یارییەک 56 ملیۆن و 500 هەزار زیانى بەردەکەوێت و لەبەر ئەوەش 5 یارى لە یاریگاى خۆى ماوە و بڕى 25 ملیۆنیش سزا دراوە، یانەکە کۆى زیانەکانى لە نێوان 305 ملیۆن بۆ 310 ملیۆن دەبێت.
هەرچى یانەى زاخۆیە، بێبەش نییە لەو سزایانە، بەوتەى هۆشیار شەهباز کە سکرتێرى یانەکەیە، بۆ هەر یارییەک یانەى زاخۆ نزیکەى 13 ملیۆن دینار داهاتى بلیتى هاتنەناوەوەى هاندەرانە، بەمەش یانەکە لەگەڵ ئەو 25 ملیۆنەى بەسەریدا سەپێندراوە و لەبەر ئەوەش چوار یارى لە یاریگاى خۆى ماوە، 70 بۆ 80 ملیۆن دینار، زیانى بەردەکەوێت.
یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆ رۆژی 22.4.2025، لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی كرا و بە شەڕ و ئاژاوە تەواو نەكرا و بەهۆی رووداوەكانەوە 62 كەس لە هاندەر و پۆلیس بریندار بوون.