کۆبوونەوەی فایەق زێدان و دەستپێشخەری ئێستا کاتی ژنانی عێراقە
''دەستخۆش و پشتیوانتانم''
سەرۆکی گەورەترین دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ ژنە چالاکەکان کۆبووەوە
ژووری هەواڵ
سەرۆکی گەورەترین دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ ئەو ژنانە کۆبووەوە کە نیازیان هەیە حاڵی ژن لە عێراق باش بکەن، پێی وتوون منیش پشتیوانتان دەکەم و لەگەڵتان دەبم.
فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەمڕۆ دووشەممە 28.4.2025 لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستپێشخەری ”ئێستا کاتی ژنانی عێراقە” کۆبووەوە، سایتی ئەنجومەنەکە وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی داناوەو نوسیویەتی: گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەتی یاسایی کراوە پەیوەست بە پاراستنی ژنان و کاریگەرییان لەناو کۆمەڵگا.
دەستپێشخەرییەکە لە بارەی کۆبوونەوەکەوە راپۆرتێکیان هەبووەو کۆپییەکی بۆ 964 نێردراوە، تیایدا هاتووە ”ئەم سەردانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە بۆ ئەوەش بووە جەخت لە گرنگی رۆڵی ژنان بکرێتەوە لە هەموو بوارەکاندا”.
فایەق زێدان دەستخۆشی ئەم دەستپێشخەرییەی لێکردوون و پێی وتوون ”ژنان لە دامەزراوە دادوەرییەکان خاوەن بڕیارن و زۆربەی فەرمانگە دارایی و کارگێڕییەکانیان ژنان بەڕێوەی دەبەن و سێ ژنیش پۆستی باڵایان دراوەتێ لە دەستەی تێهەڵچوونەوە”.
مانگێک لەمەوبەر لە بەغدا دەستپێشخەرییەک راگەیەندرا بە ناوی ”ئێستا کاتی ژنانی عێراقە” بۆ ئەوەیە ژنانی عێراق لە بوارەکانی حوکمڕانی و سیاسەت و ئیدارەداندا رۆڵی زیاترین هەبێت و خاوەن بڕیار بن.
خانم رەحیم کە ژنێکی چالاکی کوردە سەرۆکی ئەم دەستپێشخەرییەیە.