کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری - social media
"تا ئێستا 50 بارهەڵگر کۆمەک و هاوکاری نێردراوە"
ساغکردنەوە .. رێگری لە ناردنی هیچ کۆمەکێک نەکراوە بۆ باکوور و رۆژئاوا
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
رێگری لە هیچ کۆمەکێک نەکراوە بۆ باکوور یان رۆژئاوای کوردستان. ئەمە قسەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمە و دەشڵێت، بە پێچەوانەوە ئاسانکاریی زۆرکراوە.
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی 6ـی ئەم مانگە، کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان روویدا و زیاتر لە 31 هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 90 هەزار کەسیش بریندار بوون، لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەست بە کۆکردنەوەی کۆمەک کرا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە حکومەتی هەرێم رێگری کردبێت لە ناردنی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.
حسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند: بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت سەرجەم کۆمەک و هاوکارییەکان بە رێپێدانی وەزارەتی ناوخۆ بنێردرێن.
دەڵێت؛ ئەوە رێکخستن و رێگەگرتنە لە دروستبوونی فەوزا و سوودوەرگرتن لەو پرسە لە لایەن هێزێک یان لایەنێکەوە نەک رێگریکردن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کە دەست تۆڕی 964 کەوتووە، تا ئێستا ٥٠ بارهەڵگر کۆمەک و هاوکاری رەوانەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کراوە.
کەلاری وتیشی: “هاوکارییەکان بێ هیچ رسوماتێک دەنێردرێن و ئاسانکاریی تەواویشیان بۆ دەکرێت تا بەبێ کەمترین کێشە و گرفت بگەنە شوێنی مەبەست”.